سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیوادارین هێزە سیاسییەكان هەموویان پێكهوه بگەنە باوەڕێك و تێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر ئەوەی، كە هەڵبژاردن بكرێت و دەشڵێت: بەغدا دەبێت مووچەی هەرێمی كوردستان دابین بكات، چونكە مووچە مافێكی سرووشتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانماندا بۆ بەغدا كۆمەڵێك كۆبوونەوەمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرۆك وەزیران و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو، كۆبوونەوەكەمان بە شێوەیەكی گشتی لە چوارچێوەی ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا بووە و لەم كۆبوونەوانەدا هەوڵم دا میكانزمێك دابنێین بۆ ئەوەی بەردەوام بین و هەر سەردان نەبن، كە بێین و بگەڕێینەوە، میكانزمێك دابنێین بۆ ئەوەی ئێمە بەردەوام ئەو جۆرە كۆبوونەوانەمان هەبێت لەلایەن هەرێمی كوردستان و بەغداوە بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی ئێستا هەیە هەموویان لە مەجلسێكدا بە میكانزمێك بتوانین لە شوێنێكدا باسیان بكەین و ڕێگەچارەیان بۆ بدۆزینەوە.
وتیشی، “وەك ئاگادارن پرسی مووچە، كە پرسێكی بنەڕەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سوودانی كراوە، ئەمە دەستپێكێكی زۆر باشە و هیوادارین بەردەوام بێت”.
دەربارەی پرسی هەناردەی نەوت ڕایگەیاند، بێگومان وەك هەرێمی كوردستان پێمانوایە، كە دەبێت دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكەینەوە، چونكە ئەم پرسە زیانی گەورەی بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش گەیاندووە و تا ئێستا زیاتر لە 7 ملیار دۆلار زیان بە بودجەی عێراق كەوتووە.
جەختیشی كردەوە، ئەوە تیمی زیاتری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەوێ، كە بێن بۆ بەغدا و زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قسە بكەین، هیوادارین بگەینە ئەنجام.
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، سەرۆكی هەرێم وتی، “وەك بەرپرسیارێتیی خۆم وەك سەرۆكی هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنمان دیاریكردووە و تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك لەم بابەتەدا نییە و بێگومان ئەمە پرسێكی سیاسییە و دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكان قسەی لەسەر بكەن و دەبێت بە هەر حال لە ئەنجامدا بە لێكگەیشتن لەم بابەتە دەربچین”.