وەزارەتی دارایی عێراق ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە، كە باس لە كۆبوونەوەی وەزیری دارایی و بانكی ناوەندی و سەرۆكی هێزێكی سیاسی دەكەن و دەشڵێت: مافی سەرجەم مووچەخۆران دابینكراوە بۆ مانگەكانی داهاتوو.
وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە، کە باس لە کۆبوونەوەی وەزیری دارایی لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی و یەکێک لە سەرۆکی هێزە سیاسییەکان دەكات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خەرجییە هەڵئاوساوەکانی حکومەت.
ڕاشیگەیاندووە، سوورن لەسەر دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە ڕێگەی خەرجکردن و دەستەبەرکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو بۆ سەرجەم وەزارەتەکانی دەوڵەت.
جەختیشی كردۆتەوە، خەرجکردن بۆ وەزارەتێک لەسەر حیسابی وەزارەتێکی تر نییە و هیچ بڕە پارەیەكیش بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە پارێزگای بەسرە و پارێزگاكانی تر ڕانەگیراوە.
وتوشیەتی، “ئێمە وەجبەی یەکەمی ئەو تەرخانکردنانەی، کە ماونەتەوە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی سەر بە هەر پارێزگایەک بن دابین کردووە و ئەوەش بە پشت بەستن بە بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٣”.