حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ڕەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق، بانکی بەغداد دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی “هەژماری من” دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەشداریکردنی بانکی بەغدا دەبێتە هۆی فراوانکردنی مەودای خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان کە پێشکەش دەکرێن، ئەمەش ئاسانکاری بۆ خەڵکی کوردستان دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خەرجیی تایبەت.
ئەوەشی خستەڕوو، “بەغداد” یەکێک لەو بانکانەی کە زۆرترین لقی هەیە و شەش لقیشی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییی ئەم مانگەدا، بانکی زیاتر بەشداری بکەن، ئەمەش بژاردەی بانکیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات و خزمەتگوزارییە داراییەکان بە شێوەیەکی گشتی فراوانتر دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هاوبەشییە بەهێزەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرجەم بانکە بەشداربووەکان بووەتە هۆی دروستکردنی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هەژماری بانکی بۆ بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی”.
جەختیشکردەوە کە پرۆژەکە بەردەوامە و تا کۆتاییی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری حکومەتی هەرێم تۆمار دەکرێن.