دۆلاری ئەمریكایی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەشێوەیەكی نائاسایی ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات لەبەرامبەر دیناری عیراقی، ئەندامێكی لیژنەی داریی پەرلەمانی عیراقیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی داریی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند:”هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكایی بەرامبەر بە دیناری عیراقی، لایەنێكی سیاسییە و لایەنێكی تری بۆ ئەو پشێوییە دەگەڕێتەوە كە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا هەیە”.
بە وتەی ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق:”لە وڵاتدا دامەزراوەیەكی فەرمی نییە كە بتوانێت نرخی دۆلار كۆنترۆڵ بكات و بەر لە بەرزبوونەوەی بگرێت بەرامبەر بە دراوی نیشتمانی”، هۆكاریی سیاسیشی بەدوور نەزانی كە لە پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە بێت بەرامبەر بە دیناری عیراقی.
جەمال كۆچەر دەڵێت:”لیژنەی دارایی پەرلەمان و پەرلەمان بەشێوەیەكی گشتی، هیچ دەسەڵاتێكیان نییە سەبارەت بە دەستكاریكردنی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عیراقی، ئەو كارە تەنیا لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایە”.
جەمال كۆچبەر پێیوایە:”لیژنەی دارایی و لیژنەكانی تری پەرلەمان، دەتوانن لەبارەی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دۆلارەوە پێشنیار بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرزبكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داواكراوە دانیشتنێك بۆ گفتووگۆ لەسەر ئەو دۆسێیە سازبكرێت، تا چارەسەرێك بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دراوەكە لەبەرامبەر دیناردا بدۆزرێتەوە”.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، نرخی دۆلاری ئەمریكایی بەرامبەر بە دیناری عیراقی بەشێوەیەكی نائاسایی ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی 100 دۆلار 158 هەزار دیناری تێپەڕاند، ئەمەش بەشێوەیەكی نەرێنی كاریگەریی لەسەر نرخی كاڵا و پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست دەكات و دەبێتە مایەی بەرزبوونەوەى نرخەكان لە بازاڕەكاندا.