نزیکەی 900 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووە کە بڕیارە 10ی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، 886 کاندید ناویان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کردووە.
ڕوونیشیکردەوە کە 609 کەس لە کانیدەکان نێر و 277یان مێن.
بەو پێیەش بۆ هەر کورسییەک لە 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان، 8-9 کەس خۆیان کاندید کردووە.
بڕیارە ڕۆژی 10ی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە بە مەبەستی دەرفەتدان بە بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە پرۆسەکەدا، دەنگدانەکە بۆ چەند مانگێکی دیکە دوابخرێت.