نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان دوای دیداری لەگەڵ سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە بڕیاری داوە دوای جەژن پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست بباتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران.
پیشڕەو خالید، نوینەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ دکتۆر ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم قسەم کرد وتی، ئەگەر هیچ گرفت نەیەتە پیش دوای جەژن پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست ئەخەمە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە چەند ساڵێكە فەرمانبەرانی گرێبەست داوای بە هەمیشەیی بوون دەكەن و لە ساڵی 2021دا، وەزارەتی دارایی هەرێم لە نووسراوێكدا بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاندووە، كە لە حاڵەتی بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەركی دارایی ناكەوێتە سەر بودجەی گشتی.
وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە و وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، كۆی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست مانگانە 10 ملیار و 330 ملیۆن دینارە و لەحاڵەتی بوون بە هەمیشەییدا بە كۆی مووچە و دەرماڵەكانیان پارەی پێویست بۆیان كەم دەبێتەوە بۆ 7 ملیار و 977 ملیۆن دینار.