ئەمڕۆ دوو شەممە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەردەوامە.
جەزا عەلی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ڕەوێن بۆ دراو بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە بۆ یەكەمجار نرخی 100 دۆلار گەیشتە 155 هەزار و 800 دینار.
دەشڵێت “ئەوە یەكەمین بەرزبوونەوەیە كە دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا تۆماری دەكات”.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد “پێشتر بانكی ناوەندی عێراق، ڕۆژانە 200 ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا ڕۆژانە 60 ملیۆن دەخاتە بازاڕەوە”.
ڕاشیگەیاند “جارێ ڕوون نییە نازانین نرخی دۆلار بەرزتر دەبێتەوە یان نا، چونكە نرخەكە یاری دەكات، ئەوە پەیوەندی بە بانكی ناوەندی عێراقەوە هەیە”.
ڕەمزی گۆمەشینی شارەزای ئابووری لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ كەمی خستنەڕووی دۆلار لە بانكی ناوەندی دەگەڕێتەوە، كە بەشی پێویستییەكانی بازاڕ ناكات.
چەند ڕۆژێكە لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا تادێت نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا بەرز دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەم بەرزبوونەوەیە پەیوەندی بەهەندێك ڕێوشوێنی بانكی ناوەندی عێراقەوە هەیە بۆ ڕێگری لە بردنەدەرەوەی دۆلار لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە.
سەرچاوەكان باس لەئەوە دەكەن، دۆلار لەلایەن دەوڵەتانی ئێران و توركیا و سووریاوە لە عێراقەوە دەبرێت بە چەندین ڕێگا بەتایبەت كە دراوی ئەو وڵاتانە لەبەرامبەر دۆلای ئەمریكاییدا پاشەكشەی زۆری كردووە.
لە عێراق ڕێوشوێن بەرامبەر كۆمەڵێك بانك گیراوەتەبەر كە دۆلاری عێراقیان كڕیوە و بەشێوەی نایاسایی ڕەوانەی دەرەوەیان كردووە، ئەو بانكانە نزیكی چەند گرووپێكی چەكداری بوون.