وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری داشکاندنی لە کرێی خوێندنی (پارالێڵ، ئێواران) و خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دەركرد.
بەپێی نوسراوێک ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراوە بە ژمارە (771) بڕیاردراوە بە داشكاندن بەبڕی (20%) لەکرێی خوێندنی بەرایی (پارالێڵ و ئێواران) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومەتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان.
لە نوسراوەکەشدا هاتووە، سەرباری داشکاندنەکەی پێشتر، جارێكی دیكە بڕیاردروەتەوە بە داشکاندنی بڕی (20%)ـی ئەو پارەیەی لای قوتابییان و خوێندكاران ماوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕوونیشیکردۆتەوە، ئەو داشکاندنە تەنیا ئەو بڕە پارەیە دەگرێتەوە کە لەلای قوتابییان ماوە بۆ خوێندنی ساڵی (2023-2024) و پێویستە تا (2024/5/5) بەیەک قیست بیدات بەزانكۆ.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوودا ڕایگەیاند، چەند بڕیارێکیان لە بەرژەوەندی مووچەخۆران و هاووڵاتیان دەرکردووە، یەکێک لە بڕیارەکان دابەشکردنی مووچەی مانگی ٢ بوو، هەروەها داشکاندن لە کرێی خوێندنی پارالێڵ لە سەرجەم ناوەندەکاندا.