مەترسییەکانی مین لەسەر ژینگە
ئامادەکردنی: مەعروف مەجید
ڕۆژی چواری نیسانی هەموو ساڵێک لەسەر ئاستی جیهان تایبەت کراوە بە ڕۆژی جیهانی هۆشیاری لە مەترسیەکان مین(ئەلغام)، ناونیشانی چالاکی ئەمساڵ “پاراستنی ژیان و بنیاتنانی ئاشتی”یە.
گومانی تێدا نیە، کاریگەرییە ژینگەییەکانی مینەکان لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکان لە مەترسیدارترین و درێژخایەنترین کاریگەرییەکانن لەسەر ژینگە و سرووشت، هەر ئەمەش وای کردووە ببێتە هۆی لە دەستدانی هەزاران دۆنم لە پاوەن و دارستان و تەنانەت ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو و ناوچە گەشتیارییەکان و شوێنی سەدان هەزار باڵندە و ئاژەڵ، جگە لەو زیانە ماددیانەی کە لەکاتی هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوە تەرخان دەکرێت. جگە لە زیانەکانی کوشتن و کەمئەندامکردنی مرۆڤەکان بێکۆتایی.
مینەکانی دەریایی مەترسییان کەمتر نییە لە مینە وشکانییەکان، بەو پێیەی بە شێوەیەکی زیاتر ژینگەی دەریایی پیس دەکەن، تەقینەوەکەشیان کاریگەریی وێرانکەری بۆ زیندەوەرە دەریاییەکان بەتایبەتی ماسییەکان دروست دەکات.
هەرێمی کوردستان یەكێک لەو ناوچانەیە کە بە هۆی شەڕ و ململانێکان، ژینگەکەی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدا بووە. لەماوەی پەنجا ساڵی رابردووەوە کە کوردستان پێیدا تێپەڕیوە، وەکو بۆردوومانکردن، مینڕێژکردن، سووتاندن و تەنانەت کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، هەموو ئەوانە بوون کە بەشێکی زۆری ژینگەکەی رووبەڕووی شێواندن و پیسبوون بووەتەوە.
“بەپێی ئامارەکان و ئەنجامەکانی رووپێویی 2023، 776 هەزار کیلۆمەتر دووجا لە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیسبووە، هەم وەکو ژینگە مەترسییەکی ترسناکە لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵانیش، لەم ژمارەیەش نزیکەی 511 هەزار کیلۆمەتر دووجا پاککراوەتەوە و 260 هەزار کیلۆمەتر دووجا ماوەتەوە”.
ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێشکەشکراون، بەپێی پەیمانی قەدەغەکردنی مینەکانی ئۆتاوا، ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق تا ئێستا شایەتحاڵی چاندنی 25 ملیۆن مین بووە، هەروەها بەپێی خەمڵاندنەکان هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ملیۆن مین لەخۆدەگرێت، ئەمەش ژمارەی تەنها ئەو مینانە دەگرێتەوە کە لەلایەن سوپای عێراقەوە چێنراون.
ئاماری کۆمپانیای مینی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا 2023، ژمارەی قوربانیانی مین کە لە کۆمپانیاکە تۆمار کراون گەیشتووەتە زیاتر لە 13 هەزار و 500 کوژراو و کەمئەندام و نزیکەی 20 هەزار سەر ئاژەڵیش بەو هۆیەوە لەناوچوون، هەر لە ساڵی 1992ـەوە كە كاری پاككردنەوە لە زەوییە مینڕێژكراوەكان دەستی پێكردووە، 39 كارمەندی سەر بە دەزگای مین و رێكخراوەكانی بواری مین گیانیان لەدەستداوە و 106 كەسیشیان كەمئەندام بوون.
لە ئێستاشدا چەندین تیم لە کوردستان کار دەکەن بۆ بنبڕکردنی کە بەیەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەدە هەژمار دەکرێ لەسەر ژینگە و ژیانی هاوڵاتیان.
ژینگەی عێراق و مەترسی مین..
مین لە عێراقدا بڵاوبووەوە لە ئەنجامی ململانێیە بەردەوامەکان، سەرەتا بە شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 دەستیپێکرد، دواتر ڕژێمی عێراقی سەدام حسێن داگیرکردنی کوێت لە ساڵی 1991، و دواتر لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، پاشان ململانێی تائیفی، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی (داعش)، و کۆنترۆڵکردنی یەک لەسەر سێی ناوچەکانی عێراق لە ساڵی 2014، تا کۆتایی ساڵی 2019، عێراق ڕاپۆرتی پیسبوونی ڕووبەری یەک ملیۆن و 200 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی بە مینی دژە مرۆیی ڕاگەیاند. ڕووبەری سێ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی عێراق تا ئێستاش مینڕێژکراوە و پیس بووە بە پاشماوەی جەنگ، بەتایبەتی لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە، ناحیەی زورباتیە لە قایمقامیەتی واست و دەڤەری سنووری شەتولعەرەب لەگەڵ ئێران.”.
مین و شێرپەنجە و کەمئەندامبوون.
پاشماوەی شەڕ و پیسکەرە تیشکدەرەکان بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە، بەتایبەتی لە پارێزگای بەسرە کە مانگانە 400 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار دەکات بەپێی داتاکانی دەستەی مافی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین و پاشماوەی جەنگ، گەیشتووەتە 22 هەزار و685 کەس. مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە ژمارەی نێرەکان لەنێویاندا گەیشتووەتە 20 هەزار و 975 کەس، لە کاتێکدا ژمارەی مێینەکان گەیشتووەتە 710 کەس، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 29 هەزار و 859 کەس لە ئەنجامی تەقینەوەکانەوە. جیهان و مین. بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی 2019، زیاتر لە 110 ملیۆن مین لەسەر زەوی دانراون، تا مانگی تشرینی یەکەمی 2020،60 وڵات و ناوچە بە مینی دژە مرۆیی پیس کراون، لە کۆی60 وڵاتەکە 33 وڵاتیان لایەنی ڕێککەوتنامەی قەدەغەکردنی مینن. لابردنی هەموو مینەکان لە جیهاندا، 50 بۆ 100 ملیار دۆلاری تێدەچێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی زیانلێکەوتوو هەژارترینن، تێچووی پاککردنەوەی مین د بارگرانییەکی زۆر دەبێت لەسەر ئابورییان.
ئامارە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە مین لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان لە هەر کاتژمێرێکدا دوو کەس دەکوژن و لە هەر 30 ڕۆژێکدا ڕێژەی مردن دەگاتە 800 کەس.
نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بڕیارنامەی کۆبوونەوەی گشتی لە 8ی کانوونی دووەمی 2005 لە( 4ی نیسانی) هەموو ساڵێکدا ڕۆژی جیهانی هۆشیاری لە مەترسی مین بەڕێوەدەبات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پاڵپشتییانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی پێشکەشی ئەو وڵاتانە دەکەن کە کێشەی پەیوەست بە مینیان هەیە و بۆ هاندانی بنیاتنانەوە و پەرەپێدانی توانا نیشتمانییەکان لەو وڵاتانەی کە مین و پاشماوەی تەقەمەنی هەڕەشەن بۆ سەر سەلامەتی خەڵکی مەدەنی یان بەربەست لەبەردەم گەشەکردن.
*سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە