عەبدوڵا حاجی مەحمود: کۆنگرەکەی ئەمڕۆ حزبەکەمان بەرەو توولە ڕێیەکی نادیار و داخراو دەبات



باڵی عەبدوڵا حاجی مەحمود، کۆنگرەکەی ئەمڕۆی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە بێ بنەما وەسف دەکات و دەڵێت: کۆنگرەکە، حزب “بەرەو توولە ڕێیەکی نادیار و داخراوی دەبات”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوو دەستیپێکرد کە محەمەد حاجی مەحمود، ڕێی بە بەشداریکردنی عەبدوڵا حاجی مەحمود و باڵەکەی نەدا.

عەبدوڵا حاجی مەحمود و باڵەکەی ڕوونکردنەوەیەکیان دەربارەی کۆنگرەکە بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن جێگری سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە بۆ ڕای گشتی

هەڤاڵانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

جەماوەری تێکۆشەری کوردستان

ئەمڕۆ لە هەنگاوێکی دوور لە هەموو پڕەنسیپێکی کاری سیاسی و حزبی، بە ئیرادەی تاکڕەوانەی چەند کەس و گروپێک بەناوی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان شانۆگەریەکی بێ بنەما ساز دەکرێت.

بێ بنەمایە چونکە کۆنگرە ئامرازێکی یاسایی و پەیڕەوییە بۆ نوێکردنەوە و بەزیندوو هێشتنەوەی ژیانی حزبی و پێکهاتە و ئۆرگانەکانی و بەرنامە و سیاسەتی حزب، بەڵام ئەوەی بەناوی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە دەگوزەرێت دوورە لە هەموو بنەماکانی کۆنگرەیەکی تەندروست و ئامانجدار بۆیە پێمان وایە نەک خزمەت بە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ناکات بەڵکو کۆتایی بە پڕەنسیپەکانی کاری هاوبەش و بیروڕای جیاواز لەو حزبەدا دەهێنێت و بەرەو توولە ڕێیەکی نادیار و داخراوی دەبات.

بۆیە لەمڕۆ بەدواوە ئێمە هیچ بەرپرسیارێتیەکی ئەو ئاینده لێڵ و ناڕوونە هەڵناگرین و بۆ درێژەدان بە مێژووی حزب و قوربانیدانی شەهیدان و ئامانجە باڵاکانیان ڕێگای خەباتی سیاسی و جەماوەریی دوور لە گیانی توند و تیژی و دەمارگیری درێژە پێدەدەین.

لە هەنگاوی یەکەمدا بەهاوپەیمانییەک بەناوی سەردەم خۆمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ساز و ئامادە دەکەین، بۆ داهاتووی نزیک و دووریش لەسەر بنەمای بەهای باڵای خەبات و خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان و کاری هاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەتی هاوتا بۆ ئەو ئامانجانە کارنامەی تۆکمەمان دەبێت بۆ درێژەدان بەو کاروانی تێکۆشانەی خۆمان لەڕێکخستنیدا ماندوو بووین و قوربانی گەورەمان لەپێناوداوە.

٤ی نیسانی ۲۰۲٤

دارایی عێراق: ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی ئازار دەستیپێکرد
پێت دارایی عێراق: ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی ئازار دەستیپێکرد
لەمەودوا ببە بە خاوەنی  “دەخیلەی هەرچی کەسم”
دوات لەمەودوا ببە بە خاوەنی “دەخیلەی هەرچی کەسم”
پەیوەنیدر