ئەمڕۆ دووشەممە، بارەگای هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای كوردستان لە شاری ڕەقە كەوتە بەر هێرشێكی چەكداری، ئاگاداركردنەوەی ئەمنی لە شارەكە راگەیێنرا و سەرجەم ڕێگاكان داخران، لەگەڵ بەردەوامی دەنگی تەقە لە شارەكەدا.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە ئاژانسی نۆڕس پرێسی ڕاگەیاند، شانەیەكی چەكدار هێرشیان كردووەتە سەر بارەگاكە و بە دۆشكە كارمەندانی ئەمنییان كردووەتە ئامانج، پێشبینیش دەكرێت پەیوەندییان بە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە هەبێت.
ئەو سەرچاوەیە، باسی لە بوونی بریندار لە نێو ڕیزەكانی هێزە ئەمنییەكاندا كرد لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، ئەمەش لە كاتێكدایە كە هۆشداری لە جموجۆڵی شانەكانی ئەو ڕێكخراوە توندڕەوە لە ئارادایە.
پەیامنێری ئاژانسەكە لە ڕەقە ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان ڕێگا سەرەكییەكانی ناوەندی شارەكەیان داخستووە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئاگاداركردنەوەی ئەمنی.
تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هیچ لێدوانێكیان لەسەر ڕووداوەكە نەداوە.