بۆردومانکردنی کونسوڵخانەکەی ئێران و دۆمینۆی دۆڕانی ئیسرائیل
عەبدولقادر هەرکی- توێژەری ئەمنی و ستراتیژی
دۆمینۆی دۆڕانی ئیسرائیل دوابەدوای بە ئامانج گرتنی كونسوڵگەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشقی سوریا كارتەكان ئاشكەراتر بوون، دەبێت بزانین جارێ بە ئامانج گرتنی هەر دامەزراوەیەك لە هەر قەبارەیەك كە بە دامەزراوەی دیپلۆماتیك تۆمار كرابێت بە پێی هەر یاسا و ڕێسایەكی نێودەوڵەتی تاوانە، كەم تا زۆریش لە ئاستی باڵای وڵاتان ئیدانە كراوە و هەمووان كۆكن كە پێشهاتێكی مەترسیدارە.
جارێ پێم وایە ئەم كارەی ئیسرائیل بۆخۆی كاردانەوەیە لە بەرامبەر ئەو بەهێزیەی هەژموونی ئێرانی و هەست كردنی ئیسرائیل بەو مەترسیەی كە لە دوای ئەم بابەتانەی خوارەوە هاتووتەدی، لە دوای زیاتر لە شەش مانگ لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكان لە غەززە هیچ ئامانجێكی ستراتیژی بۆ ئیسرائیل بەدەست نەهاتووە.
دوای ئەوەی ئیسرائیل چاوەڕوانی ئەوەی دەكرد (حەوتی ئۆكتۆبەر) پاڵپشتی و هاوسۆزییەكی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا بێنێت بە پێچەوانەوە خەریكە دووچاری پەراوێزخستن دەبێت، جا چ لە ڕووی دیپلۆماتیكەوە و چ لە ڕووی پاڵپشتی لۆژێستیك و ئابووری و سەربازییەوە .
پەكخستنی بازرگانی لە دەریای سوور و باب ئەلمەندەب و یاری جوانی حوسیەكان كارتێكی هەرە بەهێز بوو بۆ تا ڕادەیەك گۆڕینی تێڕوانینی ئەمریكی، بەریتانی و ئەوروپیەكان بە گشتی لە بارەی ئایندەی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی فەڵەستین و لوبنان و یەمەن و لە هەمووان گرنگتر كۆماری ئیسلامی ئێران كە بە لەدایك بوونی (حەوتی ئۆكتۆبەر) هەمووانی شۆك كردووە.
لە لایەكی دیكەشەوە ژمارەی قوربانیەكان ئیسرائیل چ لە سیڤیل و چ لە سەربازی لە مێژووی پێكدادانەكانی حەماس و ئیسرائیل بێوێنەن، جا دۆخی سیاسی نێوخۆیی ئیسرائیلیش تاریفێكی نییە و بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی كابینەكەی ناتانیاهۆ ڕاستەكان نییە .
ئینجا ڕای من سەبارەت بە تۆڵەكردنەوەی ئێران كە زۆر پرسیارم لێدەكرێت، من پێم وایە لەم خاڵانە دەرناچێت:
بە ئامانج گرتنی دامەزراوە و بنكە سەربازییەكان لە ناو خودی ئیسرائیل، بە ئامانج گرتنی نوێنەرایەتی ئیسرائیل لە دەرەوەی وڵات كە ئەمەش دەسپێكێكی قۆناغێكی توند وتیژترە و بە ڕای من دوورە لە (دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی) كە ئێران پەیڕەوی دەكات .
توندتر كردنی فشارەكان لە باب ئەلمەندەب و دەریای سوور لە سەر بازرگانی ئیسرائیل، ئەمریكی و بەریتانیەكان بە تایبەت ئیسرائیل لەبەرئەوەی ئەمریكا و بەریتانیا لە بریاری ئەم دواییەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە بەرژەوەندی بەرەی بەرگری بریاریان داوە و پێدەچێت ئەنجامی گفتگۆ نهێنیەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بێت كە لە عومان بەڕیوەچوو .