هۆکارە قووڵە خودییەکانی پشت شکستەکەی ئاکپارتی و جەدەلییەتی نێوان کاریزماو ژیانی حزبیی



ئاک پارتی گەرچی تا ئێستا هێزێکی و گەورەیەو ٣٥٪ی دەنگەکانی بەرامبەر بە ۳۷ی جەهەپە بەدەست هێناوە، بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت، کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا، تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بووەتەوە. جگە لەوەی بووە بە پارتی دووەم، هەندێ ئاماژەی تریش هەن کە دیسانەوە وەک پێوەری ئەو پاشەکشەیە سەیر دەکرێن .

لەوانەش :

١- لەدەستدانی چەندین شارەوانی گەورەی شار لە تورکیا.

٢- فراوانبوونێکی چاوەڕوان نەکراوی جیاوازی نێوان ڕێژەی دەنگی کاندیدەکانی ئەو لەگەڵ هەردوو کاندیدی جەهەپە لە هەردوو گەورە شاری ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە، کە واتاو ڕەمزیەتی خۆیان هەیە لە سۆنگەی ئەو کاریگەرییەی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی هەیانە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەم دووشارەشدا تەنها سەرۆکی شارەوانی لەدەستنەداوە، بەڵکو زۆرینەی ئەنجوومەنی شارەوانیشی هاتووەتە سەر کە دەستی هەردوو سەرۆك شارەوانی کراوەتر دەکات.

٣- لە دەستدانی کۆمەڵێ شار و شارەوانی کە بەشێوەیەکی تەقلیدی و بەردەوام لە ڕابردوودا تیایاندا دابراوە بووە.

 

هۆکارە هەنوکەییەکانی پشت شکستەکە؟

چاودێرانی دۆخی تورکیا کە ئێمەش یەکێکین لەوان، شکستەکەی ئاکپارتی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێننەوە لەوانەش:

١- قەیرانی ئابووری و درێژە کێشانی و ڕەنگدانەوەی بەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتی دەنگداردا.

٢- تۆمەتباربوونی بەشێک لەکاربەدەستە حکومی و حزبییەکان بە گەندەڵی و گۆڕانی بە پرسێکی ڕای گشتی.

٣- هەڵوێستی شەرمنانەی حکومەتی ئێستای ئاکپارتی بەرامبەر جەنگ و کارەساتی غەزە کە ئەوەش کرا بە کەرەسەیەکی پڕوپانگەندەی دژی و دڵڕەنجاندنی بەشێک لە دەنگدەرە دیندارە محافیزەکەی.

٤- زیادەڕەوی کردن لە لێدانی هەندێ هێز و لایەنی دژبەر و بەکارهێنانی دادگاو زیندان لە ئاستێکی بەربڵاودا کە یەکسانە بە بچووککردنەوەی پانتایی دیموکراسی. لانی کەم بۆ هەندێ هێز و لایەن و لە هەندێ ئاست و ڕوودا.

٥- کەم توانایی حزبەکە دەنگدەرانی نەوەی نوێ کە بەنزیکەی ٦ ملیۆن دەنگدەر دەخەمڵێنرێن و دەتوانن هاوسەنگی هێزو پێگەی پارتەکان لەحوکمڕانی و جومگەکانی دەسەڵاتدا دەستکاری بکەن.

 

هۆکارە قووڵەکانی پشت شکستی ئێستای ئاکپارتی .

پێش هەموو شتێک هێندە نامۆنیە پارتێک دوای بیست و دوو ساڵ لە حوکمڕانی کردن دووچاری جۆرێك لە شکست و پاشەکشە ببێت. بەڵام ئەوەی پارتەکەی وا لێکرد، جگە لەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسمان کرد ن و ڕاستەوخۆ کاریگەرییان بەسەر بەرەنجامەکان و بیرکردنەوەی ئێستای دەنگدەرەوە هەیە هۆکاری قوڵتریش هەن کە لە درێژمەودادا ڕۆڵی خۆیان بینیوە لە گەیشتن بەم چارەنووسە لەوانەش ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

یەکەم: سازشکردن لەسەر فەلسەفەو ئاڕاستەی فیکری و پاساوی بوونی حزبەکە دوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی (٢٠١٥)دا و ئامادەنەبوونی لایەنی کوردی بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵیدا (کە دیارە بە هەڵەیەکی مێژوویی دادەنرێت) بە ناچاری پەنابردنە بەر مەهەپەو هاوپەیمانی دروستکردن لەگەڵیدا، کە تا پێش ئەو ساتە خۆیان بە رکابەری فیکری و سیاسی یەکتر دەزانی، سێبەری خستە سەر کۆی ئەزموونی حوکمڕانی ئاکپارتی و کاریگەریەکی زۆری لەسەر وێناو ڕۆڵ و داڕشتنی بڕیاری سیاسیدا هەبوو.

ئەم سازشە ئاماژەیەکی ترسناک بوو، چونکە سەرەتای دوورکەوتنەوەی ئاکپارتی بوو لە بەشێک لە سەرەتا فکری و دیدگا سیاسییەکانی پێشووی، کە توانیبووی ئەزموونێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش لە تورکیا و ناوچەکەدا پێشکەش بکەن.

 

سازشەکە ئاماژە بوو بە چەندین شت لەوانەش:

١- نزیکبوونەوەی زۆرتری پارتەکەو سەرۆکەکەی لە تەوژمی ناسیونالیزمی تورکی . سەرۆکی دەوڵەت و حزبیش ئەمەی بەکارهێنا بۆ:

** پاساودانی هاوپەیمانییەکە.

** ڕاکێشانی سۆزو دەنگی شەقامی نەتەوە پەرستی تورك دوای نائومێد بوون لەهەدەپە.

** تۆڵەکردنەوە لە پەکەکە لەسەر هەڵوێستیان لەساڵی ٢٠١٥دا .

** هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو بۆشاییە ئایدۆلۆژیەی و لە پشتکردنە بەشێ لەدیدگاو سەرەتاکانی پێشووی حزبەکە کەوتبووەوە لەڕێی لە پێشگرتنی سیاسەتێکی نەتەوەیی تەقلیدی و وروژاندنی مەسەلەی شکۆی تورکیا و بەزلهێزکردنی لەناوچەکەو جیهاندا، کە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی پێشوودا کاری زۆریان لەسەرکرد و تاڕاددەیەك سوودیشیان لێ وەرگرت.

هەموو ئەوەش سیاسەتی سەرۆک و پارتەکەی تاڕادەیەکی بەرچاو لە نموونەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ هێز و پەیوەندی بە دەرەوەی سنوورەکان و ململانێ جیۆپۆلیتیکەیان نزیک کردەوە، ئەوەش ئەگەر تائێستا بۆ ئێران چووبێتە سەر، لەبەرئەوەی نموونە ئێرانییەکە سیستم و ئایدیۆلۆژیاو ئابووری لەسەر ئەو بناغە داڕێژراوەو یەکتری تەواو دەکەن، لاساییکردنەوەی لە تورکیادا کە لە ئاستێکیشدا بێ ژیانی سیاسی و دیموکراسی تێدایە ئاسان نییەو لەسەر لێوەشاوەیی و ڕۆژەڤە ناوخۆییەکانی پارتی حکومڕان دەکەوێت، ئەگەر تورکیاش لە هەندێ ڕووەوە بەهێز بکات، تاسەر پارتی دەسەڵاتدار و خاوەن بیرۆکەی زلهێزکردنی تورکیا سوودی لێوەرناگرێت، چونکە بەشێکی لەسەر حسابی گەشەکردنی ئابووری و دیموکراسی ناوخۆیی دەبێت. جگە لەدابەشبوونی کۆمەڵگە بەسەر جەمسەرە دژ بەیەکەکان و نەبوونی کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر جۆری گەیشتن بەو ئامانجەو خاوەندارێتی سیاسی لێکردنی.

 

دووەم : بە بڕوای ئێمە پەیوەندی بە ناوخۆی ئاکپارتی و ڕۆڵی سەرۆکەکەیەوە هەیە.

گومانی تێدا نییە بوێری و ڕۆڵی ئەردۆغان هۆکارێکی گەورەی پشت گەورەبوونی ئاکپارتی و هەڵتەکاندنی بەشێک لە پایەکانی سیستمی کەمالی پێشووەوەیە لە لەوانەش نەهێشتن یاخود لاوازکردنی هەژموونی نیمچە ڕەهای سوپا بەسەر ژیانی سیاسییەوە، بەڵام ڕێسایەک هەیە بە گشتی حوکمی سەرکردە کاریزمی و گەورەکان دەکات ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر زیاد لە پێویست لە پێگەی دەسەڵاتدا بمێننەوە یەک لەخاڵی بەهێزی حزب و سیستمێکەوە دەگۆڕێن بەخاڵی لاوازی. چونکە:

# ئەگەر لە ڕابردوودا ڕەمزی دەستپێشخەری و ڕێچکە شکاندن بووبن، دەبنە بەربەست لەبەردەم هەردووکیاندا بەوەش ڕۆتین و خۆدووبارە کردنەوە زاڵ دەبێت.

# خۆیان لەسەروو ڕەخنەو لێپرسینەوەو خستنە بەردەم لێپرسراوێتی دەبیننەوە. ئەوەش لەڕێی خۆیەوە چەندین دەرهاویشتەی خراپی دەبێت. لەوانەش:

١- کوشتنی گیانی گفتوگۆ و زاڵکردنی ڕوحیەتی موجامەلەکردن و دڵ ڕازیکردنی سەرۆك.

٢- بەرتەسەککردنەوەی بازنەی دروستکردنی بڕیاری سیاسی .

٣- فشارخستنە سەر و ناچار بەدوورکەوتنەوەو دورخستنەوەو دەرکردنی هەموو ئەوانەی خاوەنی ڕای خۆیانن و گیانی سەرکردەبوونیان تیادا بەهێزەو ئامادەنین تەنها ڕاوێژکارێکی گوێ لێنەگیراو و فەرمانبەرێکی پیادەکەری بڕیارەکانی سەرۆک بن.

کە ئەمەش ڕوویدا کە لە دادوگەشەپێدان تاڕادەیەک ڕوویداوە، چونکە زۆربەی دامەزرێنەر و سەرکردە عەقڵە گەورەکانی پارتەکە لە وێنەی گوڵ و باباجان و داودئۆغڵو بە ناچاری چوونە دەرەوە یاخود ناچار بەچوونە دەرەوە کران.

لەدۆخێکی لەم جۆرەشدا چەندین دیاردەی نەخوازراو سەرهەڵدەدەن لەوانەش:

* دەرگا کرانەوە بۆ خەڵکی هەلپەرست و گەندەڵ و ماستاوچی.

* هێنانە پێشەوە و دوور خستنەوەی کەسەکان لەسەر بناغەی ئاستی سەرسپێریان بۆ سەرۆکی حزب.

* لاوازبوونی دەستگرتن بەهاو مەبدەئـ و سەرەتا فکری و ئەخلاقیەکان.

* بە تێپەڕینی ڕۆژگار سەرهەڵدانی ڕواڵەتەکانی حوکمی بنەماڵەیی و تێپەڕاندنی پێوەرە قانوونی و گەڵاڵە حزبییەکان لەم چوار چێوەدا.

 

ئایە ئاکپارتی توانای بەخۆدا چوونەوەو هەڵسانەوەی ماوە؟

هەندێک لە چاودێرانی دۆخی تورکیا پێیان وایە لەبەرئەوەی هێشتا پارتێکی گەورەیەو دەسەڵاتی بەدەستەوەیەو چوارساڵی تریش لەتورکیا هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، پارتەکە شانسی هەڵسانەوەو بەدەستەوە گرتنەوەی دەستپێشخەری هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەودیدە گەشبینەدا دەبێت گومان لەوە بکەین، ئەو توانایەی مابێت ئەم گومانکردنەش هۆکاری خۆی هەیە لەوانەش:

# تێوەگلانی بەشێک لە سەرکردەکانی ئێستا لە خراپ بەکارهێنانی  پلە پایەفەرمی و حزبییەکان بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و بازرگانیکردن.

# باڵە ناکۆك و جیاوازەکان لە دینی و نەتەوەیی و لیبراڵی ناوی، بەهۆی بەهێزی کەسێتی ئەردۆگانەوە لەگەڵ یەکدا لەچوار چێوەیەکی هاوبەشدا ماونەتەوە و دوای ئەو، پەرش و بڵاو دەبنەوە. ئەویش بەرەو پایزی تەمەنی سیاسی خۆی دەچێت.

# سەرکردە حزبیە کاریزماکان، کە تا کۆتا لەحزە دەستیان پێوە دەگیرێت و ترس و سەرسامی تێکەڵی جەماوەرە حزبییەکە دەیانهێڵێتەوە، دوای نەمانیان حزبەکانیان دووچاری جۆرێك لەسەرگەردانی دەبن، چونکە هەتا لە ژیاندان ڕێگە لە بەدامەزراوەیکردنی حزبەکانیان دەگرن و دوای مردنیش نەکەس (جگە لە سێبەرەکانی خۆیان لە کوڕو کچ نزیکەکانیان) دەتوانن جێگایان بگرێتەوە، نە دامەزراوەیەکیش ببێتە چوارچێوەیەکی تۆکمەی کۆکەرەوەی جیاوازییەکان و شوێنی ئەو پڕ بکاتەوە.

لای خۆمان یەکێتی و گۆڕان دوو نموونەی ئەو ڕێسایەن و پارتی تریش تەنها مەسەلەی کاتەو لەناو لیستەکەدان؟ لێکەوتەیەکی کەوتنە ناو ئەو قۆناغە ڕاگوزەرییە پڕ لە کێشمە کێشەش، ناکۆکی دەروون حزبی و ناڕوونی سەنتەری بڕیارو شڵەژانییەتی.

دادگای فیدراڵی دوو بڕیاری لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دا
پێت دادگای فیدراڵی دوو بڕیاری لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دا
یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە ٨ وڵات دیاریکرا
دوات یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە ٨ وڵات دیاریکرا
پەیوەنیدر