مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە ( ١٠-٦- ٢٠٢٤).
مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەیدا کە ئەمرۆ ٢-٤- لە دەباشان بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەک بوون بەو وادەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژە بەوەدەکات، نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکان هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت.
دەقی راگەیندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی :
مەکتەبی سیاسیی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە ( ١٠-٦- ٢٠٢٤).
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمرۆ ٢-٤- لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی لەم بوارەدا بەرێوەچوو ، هەڤاڵان بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەک بوون بەو وادەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.
مەکتەبی سیاسیی هەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە کە ئەمرۆ داخوازی هاوڵاتیان بۆ مووچەو بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.
بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتیی بۆ روسیای فیدرال و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی سەردانەکەی بە سەرکەوتوو و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی پەیوەندی یەکێتیی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان .
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان