لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حكوومەت و بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت، ئامادە کاری دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 2/4/2024 بە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی فراوانی تایبەت بە دابەشكردنی بەڕێوەچوو و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لایەنەکانی ڕاسپارد بەزووترین كات دەست بە ئامادەكارییەكانی دابینكردنی زەوی بكەن ،و لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێكارەكان تەواو بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند دەبن ببنە خاوەن زەوی خۆیان، هەروەها پێویستە ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران بزاندرێت و لەسەر ئەو بنەمایە زەوی دیاری بكرێت.
ساسان عەونی سەبارەت بە نەخشەی كەرتیی زەوییەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، دەبێت ڕەچاوی ماستەرپلانەكان بكرێت لە نەخشەی كەرتی ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن، دەبێت پانی شەقامەكان و ناوچەی سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و لایەنی شارسازی بایەخی تەواویان پێ بدرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد لە سنووری هەر ماستەرپلانێكدا ئەگەر زەوی بەردەست نەبوو دەبێت سنووری شارەوانییەكان فراوان بكرێن و زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر دروستكردنی لیژنەی تایبەت لە سنووری شارەوانییەكان كردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بە خێرایی و بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.