مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەکتەبی ھەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکەش چەند پرسێکی گرنگ سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی ھەرێم و عێراق و پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکرێن.
وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا و ئەگەر و پێشھاتەکان سەبارەت بەو پرسە تاوتوێدەکرێن.
کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کاتێکدایە، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە بە شداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات کە بڕیارە ڕۆژی 10ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت.