دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە کە ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران لە دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان و پرسی نەوت تۆماری کردوون.
بە پێی خشتەی کاری دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، دادگاکە لەسەر دوو سکاڵای پەرلەمانتار مستەفا سەنەد کۆبێتەوە کە لە دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لە سەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆماری کردوون.
لە سکاڵای یەکەمدا پەرلەمانتارەکە داوای بە نایاسایی لەقەڵەمدانی بڕیارەکەی 14ی کانوونی دووەمی ئەمساڵی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی کردوو کە تێیدا بڕیار درا 618 ملیار و 587 ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
لە سکاڵای دووەمیشدا مستەفا سەنەد داوای کردووە وەزیری دارایی عێراق پابەند بکرێت ئەو بڕگانەی یاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 کە تایبەتن بە دابەشکردنی داهاتی نەوت بە شێوەیەکی دادگەرانە لە عێراقدا، ئەوەش پەیوەستە بە پرسی ڕادەستکردنی نەوت و داهاتەکەی بە حکومەتی فیدراڵی.