بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ناجێگیرە و دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرزبووەوە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێكە بەهای دۆلار بەرز و نزم دەكات و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە نزمترین ئاستی ئەمساڵ و 100 دۆلار بوو بە 146 هەزار و 250 دینار.
ڕاشیگەیاند، بەڵام لە ئێستادا بەهاكەی بەرزبۆتەوە و 100 دۆلار گەیشتۆتە 147 هەزار دینار.
ناسەقامگیری بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لەكاتێكدایە، كە بڕیارە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بچێتە واشنتۆن و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆببێتەوە.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق دەڵێت: ھاتنە خوارەوەی نرخی دۆلار پەیوەندی بەسەردانی شاندی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمریکا نیە و تەنھا لەڕووی دەروونی ھەرکاتێک پەیوەندی عێراق و ئەمریکا باش بێت نرخی دۆلار بەرەو دابەزین دەبێت و ئەگەر باش نەبێت بەرەو بەرزبوونەوەیە و کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت.