وتەبێژی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا و باكووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەندێك لایەن هەوڵدەدەن دەنگەكانمان بدزن، بەڵام ئێمە سەردەكەوین و دەنگەكانمان زیادی كردووە.
ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لەمیانەی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەنجامەكان بۆ ئێمە دڵخۆشكەرن، وردە وردە نزیك دەبێنەوە لە كۆتایی و تا ئێستا ئەنجامێكی باشمان بەدەستهێناوە، لە زۆرینەی پارێزگاكانی باكووری كوردستان لە پێشێن.
ڕاشیگەیاند، هەوڵدەدرێت لە شرناخ زانیارییەكان بشێوێنن و هەوڵی ناڕاست بڵاوبكەنەوە، چونكە لەو ناوچەیەش ئێمە دەنگی زۆرینەمان بەدەست هێناوە و لە زۆرینەی شوێنەكان دەنگەكانمان زیادی كردووە.
ئایشەگول دۆغان وتیشی، ئێمە ناكەوینە كێبڕكێی توند لەگەڵ كەس، ژمارەی دەنگەكان لەنێو سندوقەكان كەسی براوە دەستنیشان دەكات.
دەشڵێت: هەوڵدەدرێت دەنگ و ئیرادەی خەڵكمان بدزن، هەر چەندە لە زۆرێك لە شوێنەكان دەنگەكانمان دزراون، بەڵام ئیرادەی خەڵكی لە سندوقەكان دایە و دەردەكەون و دەژمێردرێن، ئەوەی دەنگی بە ئێمە داوە سوپاسی دەكەین و بەڵێنی سەركەوتنی سەرتاسەری دەدەین.
كاتژمێر 7:00ـی بەیانی تاوەكو 17:00ـی ئێوارەی رۆژی یەكشەممە (31ی ئاداری 2024) هاووڵاتییانی باكووری كوردستان و توركیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەنگیاندا كە 34 پارتی سیاسیی لە 81 شارەوانیی كە 30ـیان گەورە شارەوانین ركابەرییان كرد.