ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان زەنگی نزیكبوونەوەی ” جەنگی ناوچەیی و هەرێمی” لێدەدات و ڕایدەگەیەنێت، دوای 33 ساڵ وا هەموو دامەزراوە شەرعیەکان لە مەترسی هەڵوەشاندنەوەدان.
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەیامێكدا بەبۆنەی كۆڕەوی گەلی كوردستان ڕایگەیاندووە، بژێوی و گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە، موچەی موچەخۆران لە نێوان مەرامە سیاسیەکاندا بووەتە قوربانی، زەنگی جەنگی ناوچەیی و هەرێمی لەلێدانەوە نزیکە، بێمتمانەیی و ناتەبایی زاڵ بووە بەسەر پەیوەندی حزبەکان و بازاڕیان و هاوڵاتیاندا بەگشتی.
دەقی پەیامەكە:
جەماوەری سەربەرزی کوردستان ساڵیادی ڕەوە ملیۆنیەکەی گەلەکەمانە، رووداوێکی خۆڕسکی بایەخدار،کە بوو بەخاڵی وەرچەرخان لە مێژوی خەباتی گەلەکەماندا، هەموو جیهان ئاگاداربووەوە لە حاڵی ئەم خەڵکە بێکەس وبێدەسە، گەلان وخێرخوازان و هەستی مرۆڤدۆستی جیهان خرۆشاو فشار کەوتە سەر زلهێزان و وڵاتانی ئیقلیمی ، هێڵی دژە فڕین و ئیدارەی خۆجێیی و پاشان هەڵبژارنی 1992 لە سەرمەبنای سیستەمی فیدرالی ئەنجامدرا و دەزگای شەرعی پەرلەمان و حکومەت دامەزرێنرا .
بەڵام داخەکەم شەڕی کۆنە قین وبراکوژی و عەقڵیەتی نادادی وخۆسەپێن، نەیهێشت ئەو دەسکەوتانە پەرەبسەنن و دەستی بێگانەی کێشایە وڵاتەکە و نەیهێشت مۆتەکەی شەڕی ناوخۆ لەسەر سەری ئەم گەلە ستەمدیدەیە لابچێت ..بەردەوام هەرچەند ساڵ جارێک بەشێوازی جیاواز شەڕەنەگریسەکە سەرهەڵئەداتەوە.
ئیستەش دوای سی وسێ ساڵ ،وا هەموو دامەزراوە شەرعیەکان لە مەترسی هەڵوەشاندنەوەدان .. بژێوی و گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە، موچەی موچەخۆران لە نێوان مەرامە سیاسیەکاندا بووەتە قوربانی، زەنگی جەنگی ناوچەیی و هەرێمی لەلێدانەوە نزیکە، بێمتمانەیی و ناتەبایی زاڵ بووە بەسەر پەیوەندی حزبەکان و بازاڕیان و هاوڵاتیاندا بەگشتی، کێشە کۆمەڵایەتیەکان لەپەرەسەندندایە ،، دەسەڵاتی کاربەڕێکەریش بێمنەتانە چاوی بڕیوەتە خواستە حزبی و شەخسیەکانی خۆیان و حسابێک بۆ ئەم حاڵەتە مەترسیدارە ناکات، ئیستحقاقی هەڵبژاردن کەوتوەتە مەترسی ڕێگریەوە، سەرباری ئەوەش خەریکی تۆمەت بەخشینەوەو بازنەی ناحەزفراوانکردنن، ئازان لە تۆراندنی دۆست و زۆرکردنی ناحەزدا، کاران لە قوفڵکردنی چارەسەر و قەیران زۆرکردندا ،زۆر بەداخەوە بۆ ئەم بارودۆخە نەخوازراوە ،،بەڵام گەلێک خاوەنی ڕاپەڕین وکۆڕەو بێت ،خاوەنی ئەم هەموو سەروەتە مرۆیی و سروشتی و مێژووە شکۆدارەبێت ،بێ هیوا نابێت ، ئەتوانێ ئەم قۆناغەش بەڕێ بکات .
هەرچەند کۆسپ لەرێی گۆڕانکاری وچاکسازیدا درووست بکرێ ،، ،ئایندە هەر بۆ گەلەکەمانە، پشت و پەنامان ئەو خوایەیە کە لە نائومێدی هیوا ئەخولقێنێ، داواکارم نوێژو ڕۆژووی هەموو لایەک قبوڵ بکات و عیبادەتەکانی شەوانی قەدرمان گیرابکات..
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان