شاڵاو عەلی عەسکەری: یەکێتی ناتوانێت هاوکاری هەواڵگری پێشكەش بە توركیا بكات



ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، تورکیا سەرەڕای هەڕەشەکانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان گلەیی لە یەکێتیش هەیە و داوای هاوکاری لێکردووە، هەرچەندە ئەوان دەیانەوێت پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا بەش بێت، بەڵام ناچنە ژێر باری داواکارییەکانی تورکیا، کە بەشێکیان خۆی لە پێشکەشکردنی هاوکاری هەواڵگریدا دەبینێتەوە. دەشڵێت: دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر ئەم پرسە کۆک بن و هەڕەشەکانی تورکیا بە جدی وەربگرن.

شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند،” تورکیا بە ڕاشکاوی تەهدیدی پەکەکەی کردووە گلەیشی لە یەکێتی کردووە، یەکێتی لە ڕێگەی کەناڵەکانی خۆیەوە بە تورکیای وتووە ئێمە حەز دەکەین پەیوەندیمان زۆر باش بێت، بەڵام ئەو داواکارییانەی ئێوە لێمان دەکەن تۆزێ زەحمەتە بچینە ژێر باری هەموو داواکارییەکانتانەوە.”

وتیشی،” بە سەڕاحەت ئێمە ناتوانین دەستنیشانی ئەندامانی پەکەکە و جێگەکانیان بۆ تورکیا بکەین، هاوکاری هەواڵگری پێشکەش بە تورکیا بکەین، هەرچەندە پەکەکە چۆن لە بادینان و لە سنوری پارتی هەیە لە سنوری یەکێتیش هەیە.”

بەرپرسانی تورکیا چەندین جارە هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دەکەن، بە پێی میدیاکانی تورکیا ڕۆژی دوو شەممە 12ی مانگی 2 لە میانی کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، وەزیری بەرگری تورکیا پلانی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان پێشکەشکردووە و پەسەند کراوە، دوای کۆبوونەوەکەش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ لە ناوچەی “ئۆپەراسیۆنی چنگ” بەشێکی گرنگی سەنگەرەکانمان قایمتر دەکەین، بەوجۆرەش توانای ئەوەمان دەبێت، زۆر باشتر ڕێکار بگرینەبەر.

تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی وڵاتەکەی و شەڕ دژی پەکەکە ڕێکەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراقدا واژۆ کردووە.

ڕۆژی 14ی مانگی 3 لە بەیاننامەکەدا کە لە هەردوو ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و عێراقدا بڵاوکراوەتەوە، عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بەوەی پەکەکە بخاتە لیستی قەدەغە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە،” تورکیا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەکات بۆ دەستنیشانکردنی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو لە عێراق.”

بەپێی بەیاننامەکە، فوئاد محەمەد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و پابەت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگری عێراق و بەرپرسانی باڵای عێراق لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە.

شاڵاو عەلی عەسکەری وتی،” ئەوەی کە زیاتر گلەیی هەیە تورکیا، هەندێ بارەگای فەرمین لە عێراقدا، کە لە بەغداد و هەرێمیش مۆڵەتیان هەیە ئێمە پێمان وتوون لەگەڵ حکومەتی عێراقی ڕێکكەوتن بکەن، چونکە بە پێی یاساکانی عێراق مۆڵەتیان پێدراوە، کە خەڵکی هەرێمن و بەڵام سەر بە پەکەکەن، حکومەتی عێراقی دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات و ئێمەش جێبەجێی بکەین، بەڵام کە ئێمە بڕیارمان نەبێت بە چ حەقێک دەتوانین بارەگایەکی ڕێگەپێدراو دابخەین، بۆیە ئەوە ئیشی ئێمە و یەکێتیش نییە ئەوە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم هەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق دەتوانن ئەوە بکەن و ڕێککەون.”

وتیشی،” ئەم هەڕەشانەی تورکیا دەبێ بە جدی وەربگیرێن، تورکیا تەهدید ناکا بەبێ ئەوەی بەرنامەیەکی نەبێت، ئەگەری هاتنی تورکیا ئەگەرێکی کەم نیە ئەگەرێکی زۆرە، ئەرکی دەوڵەتی عێراقە پارێزگاری بکات لەم هێرشە، چونکە سیادەکە هی عێراقە، دەبێت هەمووشمان وەک هەرێم ڕەئێکی هاوبەشمان هەبێت.”

هەژماری من دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی تەوتین؟
پێت هەژماری من دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی تەوتین؟
درەختەکان لە هاوینەوە خەمی ساڵی داهاتوویانە
دوات درەختەکان لە هاوینەوە خەمی ساڵی داهاتوویانە
پەیوەنیدر