دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دەربارەی دۆسیەكانی هەرێمی كوردستان دەركرد



دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی بڕیاردەری لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقی ڕەتکردەوە، کە تایبەت بوو بە تەرخانکردنی نەوتی سپی بەنرخی فەرمی عێراق و هەروەها سكاڵایەكی دیكەشی تایبەت بە گەڕانەوەی ئاوارەكان و سكاڵایەكی دیكەش تایبەت بە جوتیارانی ناوچە كوردستانییەكان دواخست.

دادگای باڵای فیدرٍاڵی عێراق سکاڵای نەهرۆ رواندزی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات بڕیاردەری لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقە، رٍەتکردەوە.

پاساوێکی ڕەتکردنەوەکە، کە پەیوەستە بە كاتی ناردنی نەوت بۆ هەرێم، كە لەلایەن سودانییەوە دیاری كراوە بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 23726 کە لە 20ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023 كە تیایدا بڕیار دراوە نەوت بۆ هەرێم ڕەوانە بكرێت لە 1ی 12ی 2023 تاوەكو 31-3-2024، كە ئەو ماوەیەش ئەمڕۆ کۆتایی هات و بەو پێیە دادگەکە وای داناوە سکاڵاکە “لەشوێنی خۆیدا نییە.”

نەهرۆ ڕواندزی لە سکاڵاکەیدا داوایکردبوو، دادگەکە بڕیار لەسەر نادروستی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە 23726ـی 20-12-2023 بدات لەبارەی دیاریکردنی نرخی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی عێراق بڕیاری هەرزانکردنی بۆ چوار مانگ دابوو بۆ 250 دینار بۆ هەر لیترێک، لەبری 500 دینار لەكاتێكدا لە عێراق یەك لیتر نەوت بە 150 دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان.

هاوكات، هەر ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی داوایەكی ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی لەسەر سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی هەرێم دواخست، كە تیایدا داوای كردووە هەرێم پابەند بكرێت بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شارەكانی عێراق و داخستنی كامپی ئاوارەكان لە هەرێم، كە دواین بەرواری 30ی 6ی ئەمساڵە.

هەروەها دادگای فیدڕاڵی سكاڵایەكی جوتیارانی ناوچە كوردستانییەكانی لە كەركوك و داقوق دواخست، كە دژی بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش-ی ڕژێمی بەعس تۆماریان كردووە سەبارەت بە زەوییە كشتوكاڵییەكان.

بە ڤیدیۆ…. تەقینەوەیەك لە كفری ڕوویدا
پێت بە ڤیدیۆ…. تەقینەوەیەك لە كفری ڕوویدا
مووچەیەک بۆ قەرزەکان!
دوات مووچەیەک بۆ قەرزەکان!
پەیوەنیدر