شەوی قەدر هێندەی هەزار مانگ خێری هەیە، دەکەوێتە دە شەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، موسڵمانان تا بەیانی ناخەون و پەرستش و نزا ئەنجامدەدەن.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی خەڵکی ڕاگەیاند، لە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزاندا مزگەوتەکان بە سەرپەرشتی مامۆستای مزگەوتەکان دەکرێنەوە، لە زیاتر لە ٦ هەزار و ٨٤ مزگەوتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شەوانی قەدر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕێنمایی بۆ مزگەوتەکان دەرکراود کە لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستای مزگەوتەکان پەرستش، مەراسیم و چالاکی ئایینی ئەنجامدەدرێن.
شەوی قەدر کە شەوی دابەزینی قورئانی پیرۆزە هێندەی هەزار مانگ خێری هەیە و شەوی زیندوو کردنەوەیە بە نوێژ، دوعا، زیکر و قورئان، شەوی قەدر یەکێکە لە شەوەکانی کۆتایی مانگی ڕەمەزان، موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان شەوانی کۆتایی ڕەمەزان بە نزا، پاڕانەوە و پەرستش بەسەردەبەن و تا بەیانی ناخەون.
پیغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرمووێت: تحروا ليلة القدر في الوتر من العشر الأواخر من رمضان (متفق علیه) واتە: لە تاکەکانی دە شەوی کۆتایی بگەڕێن بە دوای شەوی قەدردا.
خوای گەورە دەفەرمووێت: لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِنْ أَلْفِ شَهْرٍ (القدر: ٣) واتە: (شەوی قەدر پاداشتی هەزار مانگی هەیە)، واتە بەتەنها عیبادەتکردن لە شەوی قەدر، پاداشتی عیبادەتی هەزار مانگی هەیە کە دەکاتە ٨٣.٣ ساڵ.