ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە هەڵوێستی پێشووی حزبەکەی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، ناوی کاندیدەکانمان پێشکەشی کۆمسیۆن ناکەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ڕۆژی 10ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا پارتی و یەکێتی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن نەکردووە.
لەو بارەیەشەوە سەربەست لەزگین، ئهندامی مهكتهبی سیاسی و بهرپرسی مهكتهبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆک، بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، “هەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوە و جەخت لە دوایین ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی خۆمان دەکەینەوە و بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین”.
ئەوەشی خستەڕوو کە داوایان لە کۆمسیۆن نەکردووە بۆ درێژکردنەوەی وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان و وتی: “ئەمڕۆ لیستی کاندیدانمان پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناکەین”.
سەربەست لەزگین وتیشی: “دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان و پرسی مووچەی فەرمانبەران، بە تەواوەتی دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانن و ئامانجیان لاوازکردنی ئەم قەوارە دەستوورییەیە، بۆیە ڕەتیان دەکەینەوە”.