بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەمەودا تەنها کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانیش دەڵێت، “کەمتەرخەمی هاووڵاتییانە کە لە ماوەی 10 ساڵدا نەبووبن بە خاوەنی کارتی نیشتمانی”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لە لێدوانێکدا سەبارەت بە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ تۆڕی میدیای خەڵک ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق چەندین ساڵە پلان و بەرنامەی داناوە و کار لەسەر ئەوە دەکات کە پێناس و ڕەگەزنامە نەمێنێت و سەرجەم مامەڵەکان تەنها بە کارتی نیشتمانی ئەنجامبدرێن.
دوێنێ شەممە، عەبدلئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عیراق ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 36 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرانسەری عێراقدا بوونەتە خاوەنی کارتی نیشتمانی، ڕێژەیەکی کەمی خەڵک ماوە خاوەنی کارتی نیشتمانی نەبێت.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر وەزیری عێراق بڕیاریدا لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە کارتی نیشتمانی ببێتە تاکە بەڵگەنامەی فەرمی، بەڵام دواتر لەسە داواکاری بەڕێوەبەرایەتییەکان ماوەکەی بۆ 30 ڕۆژی دیکە درێژکردەوە، کە بەپێی بڕیارەکە لە 1ی نیسانەوە لە سەرجەم دامودەزگاکانی عێراقدا تەنها کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە ی27 کانوونی دووەمی 2024 ەوە مامەڵەکان بە کارتی نیشتمانی ئەنجامدەدەین، لەبەرئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا کار بە سیستمی ئەلیکترۆنی دەکەین، بەڵام لە چەمچەماڵ و ڕانیە لەبەرئەوەی سیستمی ئەلیکترۆنی کاری پێنەدەکرا تا ئەمڕۆش کاریان بە ناسنامەی باری کەسی کردووە، بەڵام بەپێی بڕیاری وەزیری ناوخۆی عێراق لە 2ی نیسانەوە دەبێت کار بە کارتی نیشتمانی بکەن.
سەبارەت بەو کەسانەی کە لە ماوەیەکی کەمدا بۆ کاری پێویست دەیانەوێت مامەڵەی پسپۆرت ئەنجامبدەن وتی، هەر کەسێک کارتی نیشتمانی هەبێت لە ماوەی دوو کاتژمێردا پاسپۆرتی بۆ دەردەکەین، بەڵام بەشێکی کەمتەرخەمییەکان دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتییان، چونکە ماوەی 10 ساڵ دەبێت حکومەتی عێراق کار لەسەر کارتی نیشتمانی دەکات و هاووڵاتییانی لێ ئاگادار دەکاتەوە.
جەختی لەوەکردەوە، تا ئێستاش هاووڵاتی هەیە سەردانمان دەکات و کارتی نیشتمانیان نییە، واتە بانگەوازەکانی حکومەتی عێراقیان بە هەند وەرنەگرتووە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لە ڕێگەی تۆڕی میدیایی خەڵکەوە داوای لە هاووڵاتییان کرد کە پێویستە کاتێک دێن بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان کارتی نیشتمانییان پێبێت، چونکە دواتر بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان.