سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک نادادی و جیاکاری رەتدەکەنەوە و دەمانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند رێکبخرێنەوە تاوەکو چیتر هاووڵاتییان نەبنە “قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.”
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی بڵاویکردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبونەوە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان تاوتوێکران و جەخت لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کرایەوە لە چوارچێوەی دەستور و رێککەوتنی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشێوەیەک کە لە خزمەت هەموو گەلانی عێراق بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی:”بە هەموو شێوەیەک نادادی و جیاکاری رەتدەکەینەوە و دەمانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند رێکبخەینەوە تاوەکو چیتر هاووڵاتییان نەبنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان”.
راشیگەیاند:” دەمانەوێت هەمووان لەژێر چەتری دەستوردا مافەکانیان پارێزراوبێت، پێکەوە لەپێناو داهاتویەکی پرشنگداردا هەنگاوبنێین و ئامانجە باڵاکانمان بەدیبهێنین”.