سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە، و لەبارەی گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێمی کوردستان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرۆژەی ( هەژماری من ) گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە ناکرێت چیتر مافەکانی پێشێل بکرێت کە لە دەستووردا زۆر بە ڕوونی دانیان پێدا نراوە.
هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە ڕێگەی گفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستوور دەربڕی .
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. و هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیە باسێکی تری کۆبوونەوەکەی نێوانیان بوو.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ئێمە دوو ساڵە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین و ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردنێکی یاسایی و شەرعی و دەستوورین کە لە هەلومەرجێکی ڕەوا و پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت.