لە سبەینێوە کارتی نیشتمانی دەبێتە بەڵگەنامەی فەرمی و بەڵگەنامە كۆنەكانی هاووڵاتییان كاریان پێناكرێت.
وەزیری ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند، پێویستە هاووڵاتییان ئاگاداربن لە سبەینێوە واتە لە 1ی نیسان بەڵگەنامە كۆنەكانی هاووڵاتییان كاریان پێناكرێت، تا ئێستاش توانراوە زیاتر %84 هاووڵاتییانی عێراق کارتی نیشتمانیان بۆ دەربهێندرێت.
ئەمڕۆ شەممە، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زیاتر لە 36 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە كارتی نیشتمانیان بۆ دەرهێنراوە و لە سیستمی كارتی نیشتمانیدا تۆماركراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەرەتای مانگی نیسان بەڵگەنامە كۆنەكان لە عێراق كاری پێناكرێت و لە ئایندەدا كارتی نیشتمانی لە بری كارتی دەنگدان بەكاردەهێنرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە مانگی شوباتدا وادەی كاركردنی بە بەڵگەنامە كۆنەكانی باری شارستانی تا ١ مانگی نیسانی ئەمساڵ درێژکردەوە، بۆئەوەی دەرفەتێكی زیاتر بەو هاووڵاتییانە بدرێت تا مامەڵەی كارتی نیشتمانی ئەنجام بدەن.