دوای دوو مانگ لە دواكەوتنی مووچە و نەگەیشتنی بەشێكی پارەی مووچە لە بەغداوە بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، لە سبەینێوە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەستپێدەكات و بە هەفتەیەك تەواو دەبێت.
لە 2ی شوباتی ئەمساڵ مووچەی مانگی 1 دابەشكرا و لەو كاتەوە تا ئێستا، كە نزیكەی دوو مانگە مووچەخۆران چاوەڕێی شایستەی یاسایی خۆیانن، كە مووچەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مووچەی 3 مانگی ساڵی ڕابردوو نەدراوە و حكومەتی عێراقیش بڕیاری نەداوە پارە بۆ مووچەی ئەو مانگانە ڕەوانە بكات و حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ناكات.
وەزارەتی دارایی هەرێم دوێنێ پێنج شەممە خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی بڵاوكردەوە و دواتریش بە لیستێكی تەواوكاری مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی ڕاگەیاند.
بەپێی هەردوو خشتەكە، سبەینێ شەممە 30ی ئادار دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 2 دەكرێت و ڕۆژی پێنج شەممە 4ی نیسان كۆتایی دێت.