داهاتی هەفتەی ڕابردووی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین 4.5 ملیار دینار بووە و بەوەش داهاتی ئەو سنوورە بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بۆ نیوە كەمی كردووە.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە بایكۆت لە بەشێكی فەرمانگەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەستی پێكردووە و هەفتەی ڕابردووش زۆربەی ئەو فەرمانگانەی داهاتی زۆر كۆدەكەنەوە بایكۆتیان ڕاگەیاند بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی داشبۆردی شەفافیەت، داهاتی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەریمان و ڕاپەڕین لە ڕۆژی 23ی ئازار تاوەكو 29ی ئازاری 2024 زیاتر لە چوار ملیار دینار بووە.
ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان داهاتی هەفتەی رابردووی بڵاوکردەوە، کە بڕی چوار ملیار و 53 ملیۆن و 513 هەزار و 787 دینار بووە و کۆی گشتیی داهاتەکەش بە شێوەی نەختینە بووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەر بەپێی ڕاپۆرتی داشبۆردی شەفافیەت، هەفتەی پێشتر داهاتی ئەو سنوورە 8 ملیار و 909 ملیۆن و 571 هەزار دینار بووە و بەوەش لە هەفتەی پێشوودا بەڕێژەی 54% كۆكردنەوەی داهات كەمی كردووە.