بەهۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی چەند جارێك هەرێمی كوردستانی گرتەوە بەتایبەتی هەفتەی ڕابردووە، كە زیاتر لە 200 ملم لە دوو ڕۆژدا لە سنووری دهۆك باری، ئاوی بەنداوەكانی هەرێم بەرزبوونەتەوە و بەنداوی دهۆك نزیكە لە سەرڕێژبوون.
بەپێی زانیارییەكان، ئاستی ئاوی ناو بەنداوی دهۆك بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە و نزیك بۆتەوە لە سەرڕێژبوون و لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەكاری دەكرێت و هەڵمەتێك دەستی پێ كردووە بۆ پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاكی سەری ئاوەكە.
لای خۆشیەوە، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم ڕایگەیاندووە، لە ماوەی هەفتەیەكدا 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بەنداوەكان زیادی كردووە و چاوەڕێی بەرزتربوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەكانین لە مانگی داهاتوودا، چونكە تا ناوەڕاستی مانگی پێنج وەرزی گلدانەوەی ئاوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان 2 مەتر و 30 سانتیمەتر لە ساڵی ڕابردوو بەرزترە و وردە وردە ئاستی ئاوی بەنداوەكە زیاتر دەبێت و بەردانەوەی ئاو تێیدا كەمكراوەتەوە.