پێشەوا هەورامانی: زەلیل ئەو کەسەیە خۆی ڕادەستی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکات



وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاربوو ئەمڕۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش بنێردرێت، نەنێردرا و جەختیشی كردەوە، ئەو کاتی کە ئێمە مووچەمان دەدا داهات لەژێر دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندابوو و دەشڵێت: ” زەلیل ئەو کەسەیە خۆی ڕادەستی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکات”.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵ24 ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پارەیەی بە بارمتەی نەگرتووە کە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچە نێردراوە، تەنیا ویستی سنوورێک دابنێت بۆ ئەو بێڕێزییەی لە لایەن بەغداوە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە جیاوازی لەنیوان چین و توێژەکان دەکرێت مووچەی بڕێک خەڵک دەنێردرێت هی هەندێک نانێردرێت.

ڕاشیگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەکاتی بڵاوبوونەوەی لیستی مووچە نیگەرانییەک لەناو هێزە ئەمنییەکان و فەرامانبەرانی ئەو وەزارەتانەوە دروست بوو کە ناویان لەناو لیستی مووچەدا نەهاتبوو، وەزارەتی دارایی تا ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو تا ئەم کێشەیەش چارەسەر بکات. هەفتەی داهاتوو هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن، بە هێزە ئەمنییەکانیشەوە.

ئاماژەی بەوەدا، مافی هەرێمی کوردستان لە چوراچێوەی دەستووردا دیاریکراوە و حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت پابەند بێت بە دابینکردنی مووچە و شایستە و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەمەش “ئەرکی خۆیەتی دەبێت جێبەجێ بکات و نە خێرە و نە سەدەقەیە.

هەورامانی باسی لەوەشکرد، “ئەو پارەیەی کە بۆمان دێت پارەی زەلیلی نییە، بەڵکو ئەمە قسەی پۆپۆلیست و قسە گەورەکانی ناو سۆشیال میدیا بوو، کە لە هەموو هەنگاوەکانی حکومەتدا دژ بوون. کە بارودۆخی داراییش باش بوو ئەوان هەر بەهانەیان دۆزیوەتەوە تا پشێوی دروست بکەن. بەڵام زەلیل بوون ئەوەیە هەرێمی کوردستان، خەڵک و داهاتەکەی رادەستی دوژمنانی هەرێمی کوردستان بکرێت، زەلیل ئەوەیە ڕادەستی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بین”.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان وتی: “ساڵیک تێپەڕبوو بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی پێنج بۆ شەش مانگی سەرەتا بەشێکی زۆری نەوتەکەمان دەدایەوە بە حکومەتی فیدڕاڵ بەمەرجی ئەوەی کە تێچووی بەرهەمهێنانی پارەی کۆمپانیاکانی نەوت دابین بکات، بەڵام شەش مانگ ئەو نەوتەیان برد و یەک دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان نەنارد، لە ئێستادا لە کۆی 14 کێڵگەی نەوتی لە هەرێم توانیومانە لە 9 کێڵگەیان بڕێکی کەم لەو نەوتە دەربهێنین، بەشێکی ئەم پارەیەی کە دەمێنێتەوە دەدرێتە کۆمپانیای دانا غاز، بەشێکی دیکەشی هەندێک جار بۆ مووچە بەکارهاتووە”.

وتیشی، “هێشتا داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان 50 ملیۆن دۆلاری مانگانەی تێنەپەڕاندووە، ئەویش هی ئەم چەند مانگە بوو، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەبەردەم هەناردەکردنەوەکەدا نەماوە و راگرتنی نەوتەکەش تەنیا بابەتێکی سیاسییە، هەروەها پارەیەکی زۆر کەم دانراوە بۆ دەرهێنانی نەوت کە نزیکەی شەش دۆلارە، ئێمە وەزارەتی نەوتی عێراقمان لەوە ئاگادارکردەوە کە ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمە و خۆشیان بڕوایان بەوە هێنا ئەو نەوتەی لە هەرێم دەردێت تێچووەکەی زۆر زیاترە لەوەی بۆی دیاری کراوە”.

لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا 36 كەس كوژران
پێت لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا 36 كەس كوژران
دارایی عێراق لەسەر مووچە “دڵنیایی” دەداتە فەرمانبەران
دوات دارایی عێراق لەسەر مووچە “دڵنیایی” دەداتە فەرمانبەران
پەیوەنیدر