سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، دۆخی عیراق بەشێوەیەكە، كە تاكڕەوی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن رەتدەكاتەوە، دەشڵێت،”پێویستە هەموولایەنەكان بە رۆحێكی بەرپرسیارانەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشداربن و هەنگاوی جدی و كرداری بنێن”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە بەغدا كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان و بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانە كرایەوە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت كە خۆی لە خزمەتكردن، چەسپاندنی یاسا و سەقامگیریدا دەبینێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە دۆخی عیراق بەشێوەیەكە كە تاكڕەوی لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن رەت دەكاتەوە، هەر بۆیە پێویستە هەموولایەنەكان بە رۆحێكی بەرپرسیارانەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشداربن و هەنگاوی جدی و كرداری بنێن لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان.
ئاشكراشیكردووە، كە هیچ رێگایەك نییە جگە لە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و دەبێت هەموومان بەو رۆحییەتەوە كار بكەین.