بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو نووسراوەی بۆ پلەبەرزكردنەوە كراوە وەك ئامادەكارییەكە نەک ئەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێکردبێتەوە و موچەی مانگی سێ بەپلەبەرزکردنەوەوە بدەین و دەشڵێت: “پلەبەرزكردنەوە کار و کاتی زۆری دەوێ”.
محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقی دەبێت مووچە لەسەرتاسەری عێراق هاوتا بکرێت، ئێمەش وەک جێبەجێکردنی ئەرکی خۆمان لەسەر داوای وەزیری دارایی هەستاین بە ئامادەکردنی ئەو نووسراوە وەک ئامادەکارییەک و ناردنی هاوتای لیستی ناوی فەرمانبەران بۆ مانگی ٣ وەک ڕێوشوێنەکان، نەک ئەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێکردبێتەوە و مووچەی مانگی سێ بەپلەبەرزکردنەوەوە بدەین.
وتیشی، “خۆی تائێستا تەمویلی تەواوەتی مانگی ٢مان بۆ نەهاتووە بۆ مووچەی فەرمانبەران، بەڵام ئێمە لیستەکە ئامادە دەکەین دەینێرین بۆ بەغداد تا بەو شێوەیە تەمویلی مووچەمان بکات، ئەگەرنا خۆی پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی دوور و درێژە و کار و کاتی زۆری دەوێ، واتە بە بڕوای من ڕەنگە مانگێکی بوێ کە ژمێریارەکان بتوانن ئەو لیستە ئامادەبکەن، ئەوەش چاڵنجێکە لەبەردەمییان”.
جەختیشی كردەوە، ئەگەر حکومەتی عێراقی پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێت دەبێت مووچە بەپلەبەرزکردنەوەوە بنێرێت، ئێمەش ئەو نووسراوەمان کرد تا خەڵک بزانێ لای ئێمە بابەتی خەڵک جێی گرنگی پێدانە، ئەگەر ئێمە حسابی شایستە داراییەکانی هەرێم لەسەر عێراق بکەین لە ٢٠١٦وە ئەوا زیاتر لە ١٥ ترلیۆن دینارە.
درەنگانی شەوی 24ی مانگی سێی 2024 وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا داوای لە سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لیستی مووچەی فەرمانبەرەکانیان بۆ مانگی سێ بە پلە بەرزکردنەوەوە بنێرن و ئەم نووسراوە هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و بووە جێی دڵخۆشی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێم، کە لە ساڵی 2016وە پلە بەرزکردنەوەیان وەستاوە، بەڵام بۆ هەندێکیش جێی پرسیار و گومانە.