جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كێشەی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەربكەن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێكی دیكەی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێكران.
قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كردەوە لەو وادەیەی، كە لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە دیاریكراوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، هەوڵەكان بەردەوامن بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان و بە تایبەتیش چارەسەركردنی كێشەی بودجە و وتیشی، “هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كێشەی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەربكەن”.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی بەریتانیای كرد بۆ هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش لە هەوڵەكانیان بۆ دروستكردنی لێكتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان هەرێم و بەغداد.