كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆتایی هات و ژمارەیەك بڕیار دەربارەی مووچەی فەرمانبەران و دابەش كردنی زەوی و قەرزی سەر هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان دەركرا.
پەیامنێری (خەڵك) لە هەولێر ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە، وتەبێژی حكومەتی هەرێم كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدات و بە فەرمی بڕیارەكانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕادەگەیەنێت.
بەپێی بڕیاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، لێخۆشبون لە باج و قەرز هەریەكە لە (خوێندنی پاراڵێل، باجی کۆمپانیاکان، سەرجەم باجەکانی دیکە، غەرامەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان بە رێژەی 100٪، لێخۆشبون) دەگرێتەوە و هەروەها قەرزی هاتووچۆ و ئاو و کارەبا بەڕێژەی 20٪ لێخۆشبوون دەیگرێتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دراوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 2 بكرێت و لیستی مووچەی مانگی 3 ئامادە بكرێت.
یەكێكی دیكە لە بڕیارەكان بریتییە لە دابەشکردنی زەوی، و جەختكراوەتەوە، زەوی دەدرێت بە مامۆستای دامەزراو، فەرمانبەرانی هەمیشەیی، فەرمانبەرانی گرێبەست بەو مەرجەی پێشتر سودمەندنەبوبێتن، ریزبەندی بۆ وەرگرتنی زەوی بەپێی ساڵی خزمەت و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت.
دەقی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم:
یەکەم/ دەست دەکرێت بە پێدانی مووچەی مانگی 2
دووەم/ لیستی مووچەی مانگی 3 دەدرێتە بەغدا، هەرکە پارە هات ڕاستەوخۆ دابەش دەکرێت
سێیەم/ زەوی دەدرێتە فەرمانبەران ئەوەی سوود مەند نەبووە
چوارەم/ لێخۆشبوون لە %20ـی قەرزی ئاو، کارەبا و هاتووچۆ
پێنجەم/ لێخۆشبوونی %100 باجی کۆمپانیاکان
شەشەم/ لێخۆشبوون لە قەرزی خوێندنی پارالێڵ
حەوتەم/ پێویستە بەزوویی هەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆران بکرێتەوە