وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە و ھەردوولا جەختیانکردەوە لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتۆن چاویکەوت بە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا تاوتوێکردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ھەردوو وڵات و ئەرکی ھاوپەیمانان لە عێراق و دۆخی سوریا خراوەتە تاووتوێ کراون و جەختیشکراوەتەوە لە بەردەوامی کاری لیژنەی باڵای سەربازیی ھاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان و بەرەوپێشبردنی زیاتری ھێزە عێراقییەکان.
ھاوکات، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا، گفتوگۆیان کرد لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم لە یاسای بودجە و جەختیانکردەوە لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ئاماژە بە گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگال کرایەوە.