ڕاوێژكارێكی یاسایی باس لە كاریگەری بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات و ئەو ململانێ و دەستشکانەوەی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە لەسەری و دەڵێت: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بنبڕە و دەبێت تەوتینی مووچە لە بانكە حكومییە فیدڕاڵییەكان بێت.
عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژكاری یاسایی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا ئێستا دەستشکانەوەی نێوان هەرێم و بەغداد بەشێکی سەرەکی لەسەر تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەوتین بکرێت لە بانکە حکومییەکانی عێراق، لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم بە تەواوی توانایەوە هەوڵدەدات لەبری تەوتین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەرێگەی هەژماری منەوە بێت.
ڕاشیگەیاند، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە، کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەگوێرەی ماددەی (94)ی دەستور بنبڕ و پابەندکارە بۆ تەواوی دەسەڵاتەکان لە ناوعێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆیە شکاندن یان جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکەی دادگا کارێکی زۆر ئەستەمە و لەرووی یاساییەوە تاوان دەخاتەوە بۆ ئەو لایەنەی جێبەجێی ناکات.
جەختیشی كردەوە، کاتێک بریارێک لە دادگاکەوە دەرچێت دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی حوکمەکەی لەسەر دراوە و لە دەسەڵاتی ئەو دادگایە دەچێتە دەرەوەی بۆ ئەوەی هەمواری بکاتەوە یان گۆرانکاریی تێدا بکات مەگەربێتوو لە حوکمێکی دیکەیدا تەبەنی ئاراستەیەکی دیکە بکات.
وتیشی، “بەبڕوای ئێمە ئەم شەڕەی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر تەوتین شەرێکی قورس و چارەنووسساز دەبێت و ڕەنگە ببێتە سەرەتای قوناغێکی نوێ و ژانی بونێکی دیکە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم”.