خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی كردنەدەرەوەی ئەو بانك و كۆمپانیانەی ناڕاستەوخۆ هاوكاری ئابووری ئێرانن، ئەمریكا كەمترین دۆلار دەفڕۆشێت، بەمەش بەهای دۆلار بەرز دەبێتەوە، ئەم نرخە بەردەوام نابێت و نرخەكەی ڕوو لە دابەزین دەكاتەوە.
ئیبراهیم غەفوور، خاوەنی نووسینگەی نەشوان لە بازاری دۆلارەكەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی دەركردنی هەندێك كۆمپانیا و بانك لەلایەن ئەمریكاوە بەهۆی ئەوەی ناڕاستەخۆ هاوكاری ئابووری ئێران دەكەن، بەهای دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
وتیشی، ” هیچ بڕیارێك نیە بەهای 100 دۆلار بگاتە 160 هەزار و لەو نرخە جێگیر بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا نرخەكەی جێگیر نیە، نازانرێت دۆخەكە چۆن دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێك هاووڵاتیان دۆلاریان پێ بێت باشترە لە دینار”.
ڕاشگەیاند، ئەگەر ئەم دۆخەی بەسەر عیراقدا هاتووە بەردەوام بێت، كە ئەمریكا كار لەسەر كردنە دەرەوەی هەندێك كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو دەكات، ئەوا زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەكرێت بەهای تمەنی ئێرانیش ڕوو لە دابەزینی زیاتر دەكات.
هاوكات سۆران عومەر، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بانكی ناوەندی بەهۆی پشووەكان، ڕۆژانی23 و 24 و 25ی ئەم مانگە هیچ بڕە دۆلارێكی نەفرۆشتووە، بۆیە نرخی دۆلار زیاتر بەرزبۆتەوە.
ئاشكراشیكردووە، بۆ ڕۆژەكانی 26 تا 29ی ئەم مانگە بڕی ٣٤٨ ملیۆن دۆلار دەفرۆشێ، كە ٢٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ناوخۆیە و ١٢٨ ملیۆن دۆلاری بۆ حەواڵە و دەرەوەی وڵاتە ئەمەش كەمترین خستنەبازاڕی دۆلارە بە بەراوردی هەفتەكانی پێشووی ئەم مانگە، كە ئەمانەش هۆكاری گران بوونی دۆلارن.