“عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە مووچە بدات و لە ژمارە و ناسنامەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بە گومانە”



ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە ژمارە و ناسنامەی کارمەندە ئاسایشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بزانێت و گومانی بۆ دروستکراوە کە هاووڵاتی ئێرانی و سوری و تورکی لە نێوە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمدا هەبن.

جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “هەرێم هەفتەی ڕابردوو کۆدی دامودەزگا ئەمنییەکانی ناردووە و عێراق مووچەی نەناردووە؛ عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە مووچە بدات و دواتر پەنجەمۆرەکان لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرانە بەراورد بکات کە لە دامودەزگا عێراقییەکانی وەکو ڕەگەزنامە تۆمارکراون.”

دەشڵێت، “عێراق لەسەر بنەمای هەندێک قسە کە پێیگەیشتووە گومانی هەیە گوایە دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم خەڵکانی ئێرانی و سوری و تورکی تێیاندا هەبێت و بەدوای ئەمەدا دەگەڕێت.”

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا بڕی زیاتر لە 600 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە کردووە بەڵام حکومەتی هەرێم بە بیانووی نەناردنی مووچەی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی لەلایەن عێراقەوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە خەرج نەکردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق داوای ناو و زانیاری هێزە ئەمننیەکانی هەرێم دەکات، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم “لەبەر هۆکاری ئەمنی” ئەم داوایەیان ڕەتکردۆتەوە و دەڵێن تەنانەت دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراقیش ناوی کارمەندانیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق ناکەن بۆ وەرگرتنی مووچە.

لەسەر ئەم پرسە جەبار یاوەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “هەرێم دەڵێت بۆچی وەزارەتی دارایی عێراق بە کۆد نەمبەر مامەڵە لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەکات، کەچی داوای ناوی چواری کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم دەکات؟”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “کارمەندانی دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراق ناوی تەواو و دۆسیەی تایبەتیان لە دامودەزگاکانی خۆیان هەیە، بەڵام بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بەکۆد نەمبەر مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن.”

سەبارەت بەوەی تا چەند عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی کۆدەوە ناسنامەی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئاشکرا بکات، جەبار یاوەر وتی، “من جەبار یاوەرم و پلەکەم فەریقە لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە بری ناوەکەم لە کۆد نەمبەردا ژمارە 4891 دەڕوات بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام زانیاری لەبارەی پلە و بڕی مووچە و هەموو ئەوانە لەگەڵ کۆد نەمبەرەکەدا دەنێردرێت.”

27 کۆچبەری نایاسایی ڕزگارکران
پێت 27 کۆچبەری نایاسایی ڕزگارکران
“شەربەتە رەنگ شینەکەی بازاڕ مەترسیدارە ئاگاداربن”
دوات “شەربەتە رەنگ شینەکەی بازاڕ مەترسیدارە ئاگاداربن”
پەیوەنیدر