بريكارى وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی کێشەی مووچەی مووچەخۆران و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند، “بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە پێویستە پابەندبین بە بنەماکانی دەستووری عێراق“.
مەسعود حەيدەر، بريكارى وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچە، پێویستە پابەندبین بە بنەماکانی دەستووری عێراق و نابێت ڕێگە بە لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی بدرێت مووچە بە سیاسی بکات.
ئاماژەی بەوەکرد، لە دەستووری عێراقدا دەسەڵاتی تاکلایەنە حکومەتی ھەرێمە لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمەوە کاروباری دارایی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی دەستوور حکومەتی فیدراڵی دەبێت لە رێگەی حکومەتی ھەرێمەوە مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکات.
باسی لەوەشکرد، ھەر ڕێکارێک پێچەوانەی ئەمە دژ بە بنەماکانی دەستوورە، هەژماری بانكى فەرمانبەر لە ھەر بانکێکی مۆڵەت پێدراو لە بانکی ناوەندی هەژمارێکی یاساییە و پێویستە ئەو بانکانە تەنھا لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێم ھەماھەنگیان ھەبێت بۆ بە بانکی کردنی مووچە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە وەزارەتی دارایی ھەرێم مووچەی فەرمانبەران بخاتە سەر هەژماری بانکی بۆ ئەوانەی کە هەژماری بانکیان ھەیە، ئەوانەش کە ھێشتا هەژماریان نییە بە کاش مووچەیان بدرێت و لە ماوەی شەش مانگ ھەتا ساڵێک ھەموو مووچەخۆرێکی ھەرێم هەژماری بانکی بۆ بکرێتەوە.
وتیشی، نابێت ڕێگە بە ھیچ لایەنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی بدرێت شایستەی مووچەی خەڵکی ھەرێم بە سیاسی بکات کە مافێکی دەستووری مووچەخۆرانە، کە بەھۆی ئەو دەستێوەردانە پێشێلکردنی بنەما سەرەکێکانی دەستووری عێراق بکرێت.