ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی لە نێو تیمە حكومییەكەیاندا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تەقییەوە، دوای ئەوەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم هێرشیكردە سەر یەكێتی و وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتیش وەڵامی دایەوە.
ڕۆژی هەینی، 22 ی مانگی 3 ی 2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەربڕی، ئەمەش نیگەرانی پارتی و تیمەكەی لەنێو حكومەتی هەرێم لێكەوتەوە بەو پێیەی پارتی بڕیارەكانی دادگا بە “دژایەتیكردنی قەوارەی هەرێم” دەبینێت.
دوای پاڵپشتییەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دادگای فیدراڵی، لە ڕاگەیەنراوێكدا پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند،”پێویستە خەڵكی كوردستان بزانێت خۆفرۆشان لایان گرنگ نییە چەند مافی دەستوری كوردستان بەدەستەوە دەدەن”.
دواتر سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كەسێكمان نییە و نەبووە وەكو وتەبێژ. لە بری تۆمەت بەخشینەوە باشتربوو هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكان بدەین”.
لەبارەی گواستنەوەی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ نێو حكومەتی هەرێم، رابیحە حەمەد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند، “حكومەت نەماوە، حكومەتێك نەتوانێت لە پێناو بەرژەوەندەی گەلەكەی كاربكات و ئیدارەدانێكی تەندروستی هەموو ناوچەكانی پێ نەدرێت، كەواتە بوونی نەماوە”.
لە مانگی 10 ی ساڵی 2022، كێشەی نێوان تیمی یەكێتی و پارتی لە نێو حكومەتی هەرێم تەقییەوە، دوای تۆمەتباركردنی ژمارەیەك پلەداری دژە تیرۆری یەكێتی بە كوشتنی عەقیدێكی دژە تیرۆر لە هەولێر و تاوانباركردنی پارتی بەگەمارۆی ئابووری خستنە سەر سلێمانی.
یەكتری تۆمەتباركردنی تیمی یەكێتی و پارتی لە نێو حكومەتی هەرێم بووە هۆی بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانی و تیمەكەیەوە، بەڵام لە مانگی 5 ی ساڵی 2023 نێوانیان تاڕادەیەك ئاسایی بوویەوە دوای ئەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێكەوە كۆبوونەوە.
لە بەرامبەریشدا ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی ڕەتیدەكاتەوە حكومەتی هەرێم بوونی نەبێت، جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە حكومەتی هەرێم ئیش و كارەكانی خۆی ڕادەپەڕێنێت.
شوان محەمەد، بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند، “یەكێتی لەدەسەڵاتدایە و دەبێت بەرەنگاری فشارەكانی سەر هەرێم ببێتەوە، كەچی وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات. یەكێتی بەیاننامە بۆ پشتگیری دادگای فیدڕاڵی دەردەكات و خەریكە دەچێتە سەنگەری ئەوانەی دژی حكومەتی هەرێم كاردەكەن”.
بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە یەك بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، لابردنی 11 كورسی كۆتاكان و كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان لە 111 كورسییەوە بۆ 100 كورسی، هێندەی تر ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی قوڵتر كردەوە بەو پێیەی بڕیارەكەی دادگا لەسەر سكاڵای فراكسیۆنی یەكێتی بوو.
رابیحە حەمەد دەڵێت: “تیمی پارتی لە ناو حكومەتی هەرێم تاكڕەوانە كاردەكات و دەسەڵاتەكانی قۆرخكردووە، بۆیە پێشتریش وتوومانە ئەم حكومەتە سەركەوتوو نابێت، ئەوەی ئێستا دەبینین دەرئەنجامی ئەو تاكڕەوانە كاركردنەیە”.
بەڵام شوان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی پێیوایە، ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی و حزبەكان كاریگەری خراپی هەبووە و وایكردووە نەتوانرێت بەیەكگرتوویی داكۆكی لە مافە دەستورییەكان بكرێت.
شوان محەمەد وتی، “بەغدا و لایەنی هەرێمی بەجدی كار لەسەر قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێو هەرێم دەكەن. ئێستا قۆناغێكی ترسناكتر دەستیپێكردووە و بەغدا كار لەسەر دروستكردنی ناكۆكی لەنێو فەرمانبەران و حكومەتی هەرێم دەكات”.