عەبدولواحید محەمەد – نووسەر
مخابن دوای ئەو هەموو ماندووبوون و قوربانیدانە بێشومارەی گەلی کوردستان، لەبری یەکسانی و دادپەروەری، بەرجەستەکردنی مافی ڕاستەقینەی مرۆڤ، شەهیدان، ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک، ئێستا نادادیەکی زۆر و بێسنور هەیە، بەئاشکرا میللەتەکە کراوەتە دوو چین، چینێکیان کە کەمتر لە ٢٠٪ کۆمەڵگە پێکدێنن، هەموو شتێکیان لە بڕانە.
بەئاشکرا و بە بەرچاوی خەڵکەوە سەرخان و بن خانی لوشدەکەن، هەرچی لەو دنیایە هەیە لەبەردەستیانە، وەک پارەی زۆر، بەشێوەیەک فەردە پێڕاناگا ئەشکەوت و کونە شاخیشیان پێ پڕکردیە و بانکەکانی دەرەوەش هەر مەپرسە، دوا مودێلێ ئۆتۆمۆبیل نەک بە دانە بگرە بە دەرزەن، لەوەش پەڕیوەتەوە بەتایبەت لە کارخانەوە بۆیان دروستدەکرێت و نۆرە هاتۆتە سەر فڕۆکەش.
جۆرەها ژنیش، لوبنانی ، تورکی ، ئێرانی هی دەوروبەر و دوورە دەستەکانیش، ئاو و کارەبای ئەم خەڵکەشیان هەر بۆ خۆیان قۆرخکردووە، بۆ ئێمە چوار پێنج سەعات بۆ ئەوان فول و لەسەریشی دەڕژێتەوە، تەنها بۆ سەر ئێشەیەک دەچنە ئەڵمانیا، فەڕەنسا و لەندەن هەروەها بۆ جەمێک خواردنیش هەروادەکەن، بۆ خوێندنیش پێیان شەرمە لە خوێندنگە گشتییەکان بخوێنن، مەگەر لە خوێندنگە تایبەتەکان نەبێت.
بێگومان بە حەرەس و خەدەم و گوژمە دۆلارەوەش، لە زانکۆ و کۆلێژە بەناوبانگەکانیش دەخوێنن دەرچونیشیان هەر مسۆگەرە لە سایەی پارەی زۆری خوێنی ئەم گەلە خێرلەخۆ نەدیوە، ئەو ناز و نیعمەتە نەک هەر بۆ گەورەکان بگرە بۆ کوڕ و نەوەکانشیان بە ڕەهاییەتەوە ڕەخساوە، بۆ دەموچاو جوانکردنیش دەیان ماشێنی ڕاگەیاندنی گەورە و زەبەلاحیان بەگەڕخستوە، بۆ ئەوەی هەر چی دروشمی سواوە و کاڵ و کرچ هەیە بەم خەڵکە بەشمەینەتە بیفرۆشنەوە، بێشک ئەوانەش هەر بە پارەی ئەم میللەتەیە.
لەو لاشەوە چینێک کە زیاتر لە ٨٠٪ کۆمەڵگە پێکدێنن، بەدەست جۆرەها دەرد و بەڵاو ناسۆریەوە دەناڵێنن، هەرچی لە ئاسمان بەربێتەوە دەردی مام هێمنی شاعر وتەنی بەسەر سەری واندا دەکەوێتەوە، ئەوەی مووچەخۆرە تا مووچەیەک وەردەگرن، هەزار منەت و شاباشیان بەسەرەوەدەکرێت، وەک لە گیرفانی بابیان دەریبێنن، زستانان نەفت و کارەبا نییە هاوینانیش ئاو، کە ئەوانە دوو سەرەتاییترین خزمەتگوزارینە.
ترسیش هەیە لەوەی هەر بە تەواوی نەمێنن، بە بەڵگەی ئەوەی ساڵی پار ئەم کاتە دوازدە کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەبوو، ئەمساڵ چوار پێنج سەعات هەیە، پەروەردە و تەندروستیش کە دوو خزمەتگوزاری بنەڕەتین، هەیە ، بەڵام بە کەموکوڕیەکی زۆرەوە ، ئەو کەموکوڕیانەش پێدەچێت بە ئەنقەست بێت، بۆ ئەوەی دواجار کەرتی تایبەت شوێنیان بگرێتەوە، قەیدی چیە ئێستا هەموی هەر بزنس نییە، با ئەو دووەشی بێتە سەر، بەڵکو هەندەکیتر پارەی پێ کۆبکرێتەوە.
بۆ ئەوانەی هێشتا ڕاستی فیلە تەنەکانیان نەکردۆتەوە، چونکە ئەساسەن هەموو شینکە بۆ حوسێن نییە بۆ هەریسەکەیە، واتە ئەوەش دەبێتە جۆرێک لە بزنس و دادۆشینی زیاتری ئەم خەڵکە، لەوەش گەڕێ، هەزاران بنەماڵەی شەهید، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی بە حەسرەتەوەن بۆ پێدانی مافەکانیان، کە وەک شیری دایکیان لێیان حەڵاڵە، لێ لەولاوە بە دەرزەن جاش و کاسەلێس و کەسانی دەربار کە هەندێکیان لەوانە دەستیشیان سورە بە خوێنی ئازادیخوازان، ناویان لە پێشی پێشەوەیە، بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات کە لێیان حەرامە وەک گۆشتی سەگ.
سەرباری ئەم واقیعە تاڵە و ئەم دوو چینیەی گەلی کوردستان تێی کەوتیە، هێشتا چینی سەردەست لە هەوڵدایە جۆرەها دروشمی کۆن و نەساز، بەدەنگە قرخنەکانیانەوە بە چینی هەرە زۆر و بەشمەینەتەکە بفرۆشنەوە، کە لە بنەڕتدا لەبەر زۆر وتنەوە و کارپێنەکرنیان، لایان سواوە و بێ کەڵک بووە وەک ئەمن و ئەمان، خۆڕاگرتن، مەردایەتی، سەربەرزی و دەیانیتر، چونکە هەموو ئەو دروشمانە بۆ زەمەنێک ڕاستبوون کە هەمووان وەک یەک دەژیان، دادپەروەری و ئازادی تاکە کەسی هەبوو.
بەڵام لەم زەمەنە هەموو شتێک پێچەوانە بۆتەوە، وەک لە پێشدا ڕوونمان کردەوە چینێک لە ئاسمان، چینێکی تر لە ڕێسمان، ئەوەیە وایکردووە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک، بەتایبەت مامۆستایان و فەرمانبەران، لەم دۆخە توڕە و بێزاربن، بەشێوەیەکە گەیشتۆتە ترۆپکی، ئاشکرایە ئەو حاڵەتە لەم دواییە قوڵتربۆتەوە، بەهۆی ئەوەی هەستدەکەن کراونەتە بارمتە، بۆ جێبەجێکردنی مەرامە تایبەتەکانیان و بەرجەستە کردنی بەرژەوەندیە کەسییەکان، ئەکید ئەوە سەردەکێشێ بۆ لێکەوتە و کاردانەوەی زۆر خراپ.
بۆیە هەق نییە چیتر سەبری ئەم میللەتە تاقی بکرێتەوە، دەیان نموونە لە مێژووی دوور و نزیکی جیهاندا ئەوەی بۆ ڕوونکردووینەتەوە، برسیەتی و بێدادی خەڵک، سەری دەیان سەرۆک و دەسەڵاتی خواردووە و بوونەتە پەندی زەمانە، دەبێت و پێویستە لێرەش سنورێک بۆ ئەم هەڵەشەییە و گەمە بێزاراوانە بهێنرێت، داخوازیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و کۆمەڵانی خەڵک جێبەجێبکرێت.
عەیبیش نیە بۆ ئەوە سواڵ و سەدەقەش بکرێت، بەپێچەوانە نابێت چاوەڕێی بێدەنگی هەتاسەر بکرێت دواجاریش خراپتر لە پاشتر، ئەو دەمیش ئەنگوست گەستن دادنادات.