ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دەڵێت، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی مولزەم و باتن و دژی قەوارەی هەرێم نییە
ئەمڕۆ هەینی بەرواری ٢٢/٣/٢٠٢٤ لە میانەی بەشداری کردنی لە پرسەی کۆچکردوو حاجی محەممەد بامۆکی کەسایەتی دیاری هەڵەبجە و کوردستان ، سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بات و مولزەمن و دەبێت هەموو لایەك پێوەی پابەند بن،
ئاماژەی بەوەشدا، لە بریاردا باش و خراپ نییە بەڵكو هەندێ جار بڕیارەكان بۆ هەندێ لا باشن و بۆ هەندێ لا خراپن،
دەربارەی ئەوەی ئایا بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دژی قەوارەی هەرێمن، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو رایگەیاند، بڕیارەكان دژی هەرێمی كوردستان نین و بەو ئاڕاستەیە دەرنەکراون،
وتیشی، داواكاری زۆرمان كردووە لە بارەی مووچەوە و خەریكە هەموو گیانی خەڵك دەبێتە داواكاری ، دۆخی ئێستای خەڵكی هەرێمی كوردستان لەبارەی موچەوە زۆر خراپە و دەبێ ئەو دۆخە چاك بكرێت،
هاوکات دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لایەنەکان بەشداری هەڵبژاردن دەکات بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە.