رووسیا و چین پڕۆژەبڕیارێکی ئەمریکایان لەبارەی غەززە ڤیتۆ کرد، و بە بڕیارێکی خزمەتکاری ئیسرائیل ناویان برد.
ئەمڕۆ هەینی (22ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە پڕۆژەبڕیارێکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی غەززە کۆبووەوە ، و نوێنەری ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، ئامانجی یەکەممان راگەیاندنی ئاگربەستە لە غەززە،
هەر لە میانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، نوێنەری بەریتانیا ئاشکرایکرد، هیچ کەمتەرخەمییەک بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە ناکەین.
هاوکات دژ بە هەوڵەکانی ئەمریکا و لەلایەکی دیکەوە ڤاسيلی نيبينیزيا، نوێنەری رووسیا ڕایگەیاند: پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە سزادان رزگاربکرێت، و دوای شەش مانگ لەناوچوون لە غەززە تازە ئەمریکا دەیەوێت ئاگربەست ڕابگەیەندرێت، بەڵام پڕۆژەبڕیاری ئەمریکا سەبارەت بە غەززە داوای ئاگربەست ناکات”.”.
نوێنەری رووسیا، وتیشی: ئەگەر ئەم پڕۆژەبڕیارەی ئەمریکا پەسەند بکرێت، ئەوا گفتوگۆکردن لەسەر پێگەی غەززە دادەخات و دەستێکی ئازاد دەدات بە ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا.
هاوکات کەناڵی ئەلحورە لەزاری ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هەر پرۆسەیەکی سەربازیی زەمینی گەورە لە رەفەح، ژیانی مەدەنی و ئاسایشی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە، و ئاماژەی بەوەشداوە ، ئۆپەراسیۆنى سەر رەفەح هەڕەشە لە گۆشەگیری و پەراوێزخستنی ئیسرائیل لە جیهان دەکات.
لە رەشنووسی پڕۆژەبڕیارەکەی ئەمریکا سەبارەت بە غەززە هاتووە، بە مەرجی ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ئەمریکی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە، ئاگربەست لە غەززە رادەگەیەندرێت و شەڕ دەوەستێنرێت.
بەپێی ئەم وتانەی ئەنتۆنی بلینکن بێت، پرۆژە بڕیارەکەی ئەمریکا زیاتر لە سوودی ئیسرائیل دراوە نەک فەڵەستینییەکان، ئەمەش نیگەرانی چین و ڕوسیای لێکەوتەوە و بە هەنگاوێک بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناویان برد، و بەم جۆرە هەوڵەکانی ئەمریکا لەو پرۆژە یاسایەدا شکستی هێنا و بە ڤیتۆ نەیانهێشت پەسەند بکرێت.