ئایا زەکات بە زێڕ یان بە زیو دەخەمڵێنرێت؟



ئایا زەکات بە زێڕ یان بە زیو دەخەمڵێنرێت؟

پ. د. محمود زمناکۆییزانای ئاینی و مامۆستای زانکۆ

لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجومەنی باڵای بەڕێزی فەتوا ـ کە ڕێزی تەواوم بۆ ماندوو بوون و ئیجتیهادیان هەیە، ڕێژەی زەکاتی سامانی بۆ ئەم ساڵ دیاریکرد بە بڕی (دوو ملیۆن و سەد هەزار) دینار، بە خەمڵاندنی بە زیو، پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە بە زێڕ دەیان خەمڵاند، بۆ نموونە لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی زەکات زیاتر لە (حەوت ملیۆن) بوو.

بەڕاستی ئەم فەتوایە بۆ من چاوەڕوان نەکراو بوو، هەرچەندە ئەنجومەنی باڵای بەڕێز لە درێژەی فەتواکەیاندا ئاماژەیان بە هۆکاری ئەم فەتوا تازەیان داوە کە سەرەکیترین هۆکاریان بریتییە لە ڕەچاوکردنی دۆخی هەژاران، بەو واتایەی ئەگەر ڕێژەی زەکات بەزیو بخەمڵێنرێت ئەوا زۆرێک لە موسوڵمانان زەکاتیان لەسەر واجب دەبێت و هەژاران تێیدا سودمەند دەبن، لەبەر ئەوەی نرخی زیو زۆر کەمترە لە نرخی زێڕ.

جا لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی باڵای بەڕێز لەم فەتوایەدا ئیجتیهادیان کردووە و پشتیان بە هیچ دەقێکی شەرعی یەکلاکەرەوە نەبەستووە، بەڵکو ئاماژەیان بە وتەی هەندێک لە زانایان کردووە، سەرەڕای ئەوەش فەتواکەیان بە کۆدەنگی ئەندامانی ئەنجومەن دەرنەچووە، بەڵکو بە زۆرینە بووە، وەک لە درێژەی فەتواکەدا ئاماژەی پێدراوە، بۆیە لەو سۆنگەیەوە منیش ـ وەک پسپۆڕێک لە فیقهی ئیسلامی ـ بە ئەرکی خۆمم زانی بۆچوون و سەرنجی خۆم لەو بارەوە بخەمەڕوو، و دڵنیام لەوەی ئەوەی من دەیڵێم زۆرێک لە زانایانی ئاینی تریش هاوڕامن، بەڵام بە هەر هۆکارێک ڕەنگە پێیان خۆش نەبێت دەری ببڕن، هیوادارم زانایانی بەڕێزی ئەنجومەنی فەتوا بەدڵێکی فراوانەوە لێمان وەربگرن، و لە بازنەی بۆچونی جیاوازدا لێ بڕوانن.

دەڵێم و باللە التوفیق:

خاڵی یەکەم:

بەڵگە نەویستە کە لە سەردەمی پێغەمبەردا ـ دروودی خوای لێ بێت ـ دوو دراو بوونیان هەبوو، دراوێکی زێڕ کە لە ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمەوە لەسکە درابوو، پێی دەوترا (دینار) و دراوێکی زیو کە لە ئیمپراتۆرییەتی فارسەوە لەسکە درابوو و پێی دەوترا (درهەم)، جا کاتێک پێغەمبەر ـ دروودی خوای لێ بێت ـ ویستی نیسابی زەکاتی سامان دابنێت (20) دیناری دانا کە دەکاتە (85) گرام، هەروەها لەبەرامبەردا (200) درهەمی دانا کە دەکاتە (595) گرام.

جا پرسیار ئەوەیە: ئایا پێغەمبەری خودا ـ دروودی خوای لێ بێ ـ دوو نیسابی بۆ زەکاتی سامان داناوە، یان یەک نیساب، بەڵام بە دوو دراو؟

بێگومان پێغەمبەر یەک نیسابی داناوە، بەڵام بە دوو دراو، چونکە دانانی دوو نیساب بۆ یەک جۆر سامان حیکمەتی تێدا نییە و خەڵکیش سەری لێدەشێوێت، لەبەرئەوەی بەڵگەی زۆر و یەکلاکەرەوە هەیە لەسەر ئەوەی کە نرخی یەک (دینار) لە سەردەمی پێغەمبەر و چوار خەلیفەکەدا بە (10) درهەم بووە، دەی کەوایە (20) دیناریش بەرامبەر (200) درهەم دەبێت، ئەم بابەتەش زانراوە لە پرسی زەکات و سزای دز و سەرانە و دییە و ئەوانی تردا، بۆ نموونە ئەبو داوود دەیگێڕێتەوە کە بەهای خوێنی کوژراو لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا (800) دیناری زێڕە یان (8000) هەزار درهەمی زیوە، کەوایە یەک (دینار) بەرامبەر (10) درهەم بووە.

دوای ئەو سەردەمانە نرخی زیو ڕووی لە دابەزین کرد وەک مێژوو نووسان دەڵێن: لە نیوەی دووەمی سەردەمی ئومەویەکان یەک (دینار) بەرامبەر (12) درهەم بوو و لە سەردەمی عەباسییەکان گەیشتە (15) درهەم و لە سەردەمی فاتمیەکان لە میسردا گەیشتە (34) درهەم، ئێستاش لە سەردەمی خۆماندا نرخی زیو لە بەرامبەر زێڕدا ئێجگار دابەزیوە، بەهای خۆی لەدەست داوە، بەڵام لە بەرامبەردا بەهای زێڕ هەتا ڕادەیەک وەک خۆی ماوەتەوە، کەواتە کاتێک پێغەمبەر ـ دروودی خوای لێبێت ـ یەک نیسابی داناوە بە دوو دراو، و یەکێک لەو دووانە بەهاکەی هاتووەتەخوارەوە کە زیوە، بەڵام ئەوی تریان کە زێڕە وەکو خۆی ماوەتەوە، ئیتر لە ڕووی شەرعیەوە دەبێت زێر بکرێت بە پێوەر بۆ خەمڵاندنی زەکاتی سامان نەک زیو، چونکە زیو پێوەربوونی خۆی لە دەست داوە.

دووەم:

ئەگەر سەرنجێکی وردی نیسابەکانی تر بدەین وەک (40) سەر بزن و مەڕ و (30) سەر مانگا و (5) سەر و شتر و (5) (وسق) لە خورما و مێوژ بدەین، دەبینین پێغەمبەری خودا ویستویەتی بەهای نیسابەکان لە یەکەوە نزیک بن، بۆیە ئەگەر بەراوردی ئەوانە بکەین لەگەڵ زێڕ دا، ئەوە بێگومان لەگەڵ نیسابی زێڕدا زیاتر نزیکن، لەگەڵ نیسابی زیودا ئێجگار دوورن.

جا کەسێک (39) سەر بزن و مەڕ، یان (29) مانگای هەبێت زەکاتی لەسەر واجب نەبێت، بە هەژار هەژمار بکرێت، ئەی چۆن کەسێک دوو ملیۆنی دیناری هەبێت بە دەوڵەمەند هەژمار دەکرێت؟!، لەکاتێکدا ئەو بڕە پارەیە مانگایەکی پێ نەکڕێت.

خاڵی سێیەم:

عەللامە وەلی اللە دەهلەوی لە (الحجة البالغة) دا دەفەرموێت: (ٳنما قدر بخمس ٲواق لٲنها مقدار يكفي ٲقل بيت سنة كاملة) واته: بۆیە لە زیودا پێنج ئەواق کە دەکاتە 200 درهەم دانراوە، چونکە بەشی یەک ساڵی کەمترین ئەندامانی خێزانێک دەکات.

دەی لەم ڕۆژگارەدا دوو ملیۆن و سەد هەزار، نەک بەشی ساڵێک ناکات، بەڵکو بەشی دوو مانگی خێزانێک بە تەواوی ناکات، بەم هەمووە بارگرانییەی کە بۆ ژیانی مرۆڤ دروست کراوە.

خاڵی چوارەم:

پێغەمبەر دەفەرموێت:(ان الله افترض عليهم صدقة تؤخذ من ٲغنيائهم وترد علی فقرائهم) متفق علیە واته: بێگومان خوای گەورە لە سامانەکانیاندا زەکاتی فەرز کردووە، لە دەوڵەمەندەکانیان وەردەگیرێت و دەگەڕێنرێتەوە بۆ هەژارەکانیان.

کەوایە بە دەقی ڕۆشنی ئەم فەرموودەیە، زەکات لەسەر دەوڵەمەند واجبە نەک هەژار.

دەی من دەپرسم: ئایا کەسێک دوو ملیۆن و سەد هەزاری هەبێت کە بەشی دوو مانگی بژێوی ناکات، بە دەوڵەمەند هەژمار دەکرێت؟، وەڵامەکەی بۆ خوێنەر بەجێ دەهێڵم!.

خالی پێنجەم:

ئەوەی کە وتراوە شکاندنەوەی بە زیو (انفع للفقراء) سودی زیاترە بۆ هەژاران، ئەمە دیارە نەک هیچ دەقێکی لەسەر نەهاتووە، بەڵکو کۆدەنگی زانایانیشی لەسەر نییە، بەڵکو هەندێک لە زانایان بەتایبەت (متاخرین)ی مەزهەبی شافعی وایان وتووە.

خۆ ئەگەر سوودی هەبێت بۆ هەژاران، نابێ لەبەر خاتری ئەوان زیان بە سامانی جەماوەری موسوڵمانان بگەیەنرێت، کە خەڵکە مامناوەندەکەن.

هەروەها ئەگەر ئەوە (انفع للفقراء) بنەمایەکی گشتییە، ئەی بۆ لە دیاریکردنی سەرفیترەدا پشت بە گەنم بەستراوە و (2500) دانراوە، بۆ بە خورما یان کەشک یان مێوژ دانەنراوە، کە ئەوانە گرانترن، بۆ نمونە کیلۆیەک خورمای مامناوەند بە چوار یان پێنج هەزارە، ئەو کات سەرفیترە دەبووە نزیک (10) هەزار دینار، و بۆ هەژاران ئێجگار قازانج بوو، یان بۆ بە برنج حیساب نەکراوە کە ئێستا برنج خۆراکی سەرەکی زۆرینەی خەڵکە، نەک گەنم، ئەگەر دەوترێت ئاخر برنج لە فەرموودەدا نەهاتووە، دەی خۆ لە هیچ فەرمودەیەکی دروستدا باسی گەنم نەکراوە، بۆیە پێشەوا ابن المنذر دەڵێ: هەر ڕیوایەتێکت بینی باسی گەنمی تێدا بوو لەسەرفیترەدا بزانە لاوازە.

ئەمە بێجگە لەوەی، بە گوێرەی فەتواکە  وا دەکات زۆرینەی موسوڵمان لە یەک کاتدا زەکاتدەر و زەکات وەرگربن، ئەمەش پێچەوانەی دەقەکان و فەلسەفەی زەکاتە.

بۆیە لە ڕوانگەی ئەو بەڵگە و ڕوونکردنەوانەی پێشوو بە دڵنیاییەوە دەڵێم:

لە ئێستادا خەمڵاندنی زەکات بە زیو، لەجێی خۆی نییه و پێچەوانەی دەق و حیکمەت و فەلسەفەی زەکات و مەبەستەکانی شەریعەت و بنەماکانی ئیجتیهادی دروستە.

لە هەمانکاتدا دڵنیام ئەنجومەنی بەڕێزی باڵای فەتوا، لە ساڵانی داهاتوودا، فەتواکەی خۆی دەگۆڕێت، چونکە پێشتر فەتوای بە خەمڵاندنی زیو دەدا، ئەو کاتەش بەندە ڕەخنەم لە فەتواکە گرت، دواتر خۆشبەختانە بۆی دەرکەوت کە هەڵەیە، ئەوە بوو چەند ساڵێکە فەتوا بە خەمڵاندن بە زێڕ دەدات، کەچی بۆ ئەمساڵ ـ نازانم چی ڕویداوە ـ دیسان چونەوە سەر فەتوا کۆنەکەیان، کە چەند ساڵێک بوو تێیانپەڕاندبوو.

لە کۆتاییدا:

ڕێز و پێزانیی خۆم دووپات دەکەمەوە بۆ ئەنجومەنی باڵای بەڕێز و هەوڵ و ماندوبوون و ئیجتیهادیان بەرز دەنرخێنم. خوای موتەعال لەوان و لە ئێمەش قەبوڵ بکات.

سودانی بۆ چارەسەری کێشەی مووچە دێتە هەولێر
پێت سودانی بۆ چارەسەری کێشەی مووچە دێتە هەولێر
ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتە نزیکەی 32 هەزار کەس
دوات ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتە نزیکەی 32 هەزار کەس
پەیوەندیدر