ئەحمەد حاجی ڕەشید: دەست بەسەر مافی مووچەخۆراندا گیراوە



ئەندامێکی خولی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دابەشنەکردنی مووچە ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپێچی یاسای کردووە، دەستی بەسەر مافی مووچەخۆران گرتووە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی خولی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، ئەگەر یەک کاتژمێر دابەشکردنی مووچە دوابکەوێت، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپێچی یاسای کردووە و ئێستا کە دابەشکردنی مووچەی ڕاگرتووە دەستبەسەرداگرتنی مافی فەرمانبەرانە و شکاندنی یاسایە.

وتیشی، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پارەیەی بەغداد ناردوویەتی مووچە دابەشنەکات و پارەکە هەر لە بانکدا بمێنێتەوە، ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق دەتوانێت ئەو پارەیە بکێشێتەوە یاخود بلۆکی بکات و فەرمان دەربکات کە دەستکاری نەکرێت.

لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی عێراق وەک مانگی شوبات داوای لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵکو دەتوانێت پارە بنێرێت بۆ لقەکانی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کوردستان و فەرمانگە و وەزارەتەکان لیستی مووچەکانیان بدەن بە بانکی ناوەندی و مووچەکانیان وەربگرن، تا ئەوکاتەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی هەژماری بانکی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق بە چەند گوژمەیەک زیاتر لە 600 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران ناردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی بڵاونەکردووەتەوە و دیارنییە کەی دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە

 

مامۆستایانی ناڕازی دوا مۆڵەت دەدەنە یەکێتی و هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن
پێت مامۆستایانی ناڕازی دوا مۆڵەت دەدەنە یەکێتی و هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن
مەندەلاوی: بە ئامانجگرتنی دادگای فیدراڵی ئاسایشی وڵات دەخاتە بەردەم هەڕەشە
دوات مەندەلاوی: بە ئامانجگرتنی دادگای فیدراڵی ئاسایشی وڵات دەخاتە بەردەم هەڕەشە
پەیوەنیدر