وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەخت لە پەلەكردن لە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، مووچە لە عێراق بەنیشتمانی كراوە و پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمیش بچنە چوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەوە و دەشڵێت: “بەگژداچوونەوەی دادگای فیدراڵی بەڕاست نازانین، چونكە كورد بەشدارێكی كارا بووە لە دروستككردنی ئەو دادگایە”.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، “هەڵوێستی كشانەوە لە هەڵبژاردن كارئاسانی بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە ناكات، ئەو هەڵوێستە جێگای سەرسوڕمانە و یەكێتی هەرگیز لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نییە، بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، هاوكات بەشداریكردن و نەكردنی لایەنێك بۆ ئێمە پرسی گرنگی ژمارە یەك نییە، ئەوەی ئێستا گرنگە و داخوازی یەكێتییە دابەشكردنی مووچەیە”.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو بیانوانەی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەن بیانوی لاوازن و ئەگەر هەوڵی زیاتری دواخستنی هەڵبژاردن بدرێت، زیان بەقەوارەی هەرێم دەگەیەندرێت، هاوكات هیچ هاوپەیمانێكمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتیوانی دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن ناكەن، پێشمانوایە بەشدارینەكردنی لایەنێك لە هەڵبژاردن پڕۆسەكە ڕاناگرێت، بەڵام كێشە بۆ پڕۆسەكە دروست دەكات.
سەبارەت بە كێشەی مووچەی مووچەخۆران وتی، “هەموو كات یەكێتی جەختی لە پێدانی مووچە كردووەتەوە و لە 2014ەوە داوا دەكەین مووچە بەڕێكی و لە كاتی خۆیدا دابەشبكرێت، لە هیچ سەردەمێكدا پارە بە گونییە دابەشنەكراوە و دەبێت لیستێك هەبێت دواتر پارە وەربگیرێت و دابەشبكرێت”.
وتەبێژی یەكێتیی جەختیشی كردۆتەوە، “لەبەرئەوەی كوردستان بەشێكە لەعیراق و مووچە لای ئەوان بەنیشتمانی كراوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمیش بچنە چوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەوە، كە پێمانوایە كارێكی باشە”.
ئاشكراشی كردووە، “ناردنی پارە لە بەغداوە هیچ لەپێگەی هەرێمی كوردستان كەمناكاتەوە، ئەگەر پێشمانوابێت بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كاریگەری خراپی لەسەر هەرێم دروستكردووە پێویستە لە عیراق بكشێینەوە و پەلەبكەین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، دواجار بە تیمێكی نوێوە لەگەڵ عیراق بۆ دەستەبەركردنی شایستەكانمان بكەوینە گفتوگۆ”.
بە وتەی سەعدی پیرە، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ دابەشكردنی مووچەدایە بەو بڕەپارەیەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بۆ هەرێم نێردراوە، هاوكات دەتواندرێت ئەو كورتهێنانەی لە مووچەدا هەیە بەداهاتی ناوخۆ پڕبكرێتەوە و مووچەی مانگی شوباتی پێدابەشبكرێت، چونكە پێمانوایە عینادی لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردندا خزمەت بە هەرێمەكەمان ناكات”.
وتەبێژی یەكێتیی دەشڵێت: “بەگژداچوونەوەی دامودەزگا یاساییەكانی عیراق بەتایبەت بەگژداچوونەوەی دادگای فیدراڵی بەڕاست نازانین، چونكە كورد بەشدارێكی كارا بووە لە دروست كردنی ئەو دادگایە، هاوكات پێویستە كێشەكانمان بەگفتوگۆ چارەسەر بكەین نەك هەوڵی شكاندنی بدەین، چونكە نابێت لەبیرمانبچێت لە هەرێمی كوردستانیش زۆر پرس و بابەتی چارەنووسساز هەبوون، كە بەخواستی لایەنێك تێپەڕێندراوە و لایەنەكانی دیكە كارێكیان نەكردووە زیان بەقەوارەی هەرێمەكەمان بگەیەندرێت”.