كورد فەڕەنسای شڵەژاند



 

هێرشی ڕەگەزپەرستێك بۆ سەر ناوەندێكی كلتووری و سەرتاشخانەیەك لە پاریس و شەهیدبوونی سێ كەس و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكە، فەڕەنسای هەژاند، فەڕەنساییەكانیش دەڵێن دڵمان لای كوردانی وڵاتەكەمانە، ئێمە لەگەڵیانداین.

ڕۆژی هەینی لە هێرشێكی چەكداریدا لە نێوەڕاستی شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا كەسێكی تەمەن 69 ساڵان بە چەك هێرشی كردە سەر ناوەندی كلتووری ئەحمەد كایا لە پاریس و سەرتاشخانەیەك.

لە ئەو هێرشەدا میرە پەروەر هونەرمەندی باكووری كوردستان و دوو كەسی دیكە لە هاووڵاتیانی باكووری كوردستانی نیشتەجێی پاریس شەهیدبوون، سێ كەسی دیكەش بریندار بوون.

بەپێی نوێترین زانیارییە تایبەتەكان، تۆمەتباری هێرشەكە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە و دواتر بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی و دەروونییەوە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

سەرچاوەكانی مێدیای فەڕەنسا باس لە ئەوە دەكەن، ئەو ڕەگەزپەرست و ڕاستڕەوە و پێشینەی تاوانی هەیە دژی كۆچبەران، تاوانەكەی كەسییە، هیچ گرووپ و لایەنێكی لە پشتەوە نییە و خۆشی لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا بە پۆلیسی گوتوە كە ڕەگەزپەرستە.

هیوا ناسیح چالاكوانی كورد لە ئەوروپا لە لێدوانێكدا بۆ (خەڵك) دەڵێت “ئەو كارە تیرۆرستییەی لە پاریس ڕوویدا، زۆر قێزەون بوو، هەموو پاریسی هەژاند، تەواوی میدیاكانی ئەوروپای سەرقاڵكردووە”.

دەشڵێت “ئەم ڕووداوە كاریگەری زۆری لەسەر ئەوروپا و فەڕەنسا دروستكردووە، بەهۆی ئەوەی بەرەو جەژنی سەری ساڵە كە بۆنەیەكی گرینگ و پیرۆزەلای ئەوان، هەروەها ڕووداوەكە لە شوێنێك بووە كە ناوەندی پاریسه، پاریس ناوەندی بڕیاری ئەوروپایە، ئەوە وایكردووە گرینگی زۆر بە ڕووداوەكە بدرێت”.

ئاماژە بەئەوەش دەكات، پۆلیس دەڵێت، هێرشەكە كاری ڕاستڕەوێك بووە، و پێشتر لە زیندان بووە تاوانی دیكەی هەبووە، دوایی ئازاد كراوە، بەڵام دووریش نییە پاڵنەرێكی سیاسیی نەبێت، بۆچی لەناو ئەو هەموو مزگەوت و ناوەندی كلتووری بیانییەدا ناوەندێكی كلتووری كوردی هەڵبژارد كردييە ئامانج.

ڕاشیگەیاند “دەبێت چاوەڕێ بكەین بە وردی لێكۆڵینەوە بكەن، تا ئێستا پۆلیسی دژەتیرۆر كەیسەكەی وەرنەگرتووە، ئەوان پەلە ناكەن، لەسەرخۆ كار دەكەن، ئێمەش وەك
كورد دەبێت یەكگرتوو بین، بە هەر شێوازێك دەتوانین دژی ئەو هێرشە ڕابوەستین”.

فەڕەنسا لە ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی وڵاتەوە تا وەزیری ناوخۆ، وەزیری داد، پارێزگاری پاریس و كاربەدەستانی دیكە پشتیوانی خۆیان بۆ كوردانی فەڕەنسا دەربڕی، ماكرۆن دەڵێت كوردانی فەڕەنسا لەناوەڕاستی شاری پاریس ڕووبەڕووی هێرشێكی قێزەون بوونەوە، ئێمە دڵمان لای قوربانییەكانە.

وەزیری دادی فەڕەنسا دەڵێت، پشتیوانی هەموو كورد دەكەین، دیداریان لەگەڵدا ساز دەكەین، لەگەڵیان دەبین.

كورد لە فەڕەنسا دڵتەنگن دەڵێن ئەمە دووهەم كۆمەڵكوژییە لە پاریس بەرامبەریان دەكرێت، ئەم هێرشە بەر لە نزیكەی دوو هەفتەیە بۆ ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی سێ ژنە چالاكوانی كورد لە پاریس لە 9ی یەنایەری 2013دا.

كوردانی فەڕەنسا دوو ڕۆژی ڕابردوو خۆپیشاندانیان ڕێكخست، هەزاران كورد بەشداربوون، خواستی ئەوان لێكۆڵینەوەی تەواو و سزادانی تاوانبارانە.

هەرچەندە لە خۆپیشاندانەكاندا توندوتیژی دروستبوو و زیان بە موڵكی گشتی گەیەندراو زیاد لە 30 پۆلیس برینداربوون، بەڵام ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكە داوایان لە خۆپیشاندەران كرد گرژییەكان ڕابگرن.

ئەمە لە حاڵێكدا بەشێك لە پەرلەمانتاران و سیاسییەكانی فەڕەنسا بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بەشداریی خۆپیشاندانەكانیان كرد.

شرۆڤەكاران و چاودێرانی فەڕەنسا لەگەڵ ئەوەی دووپاتیدەكەنەوە، كە ئەو هێرشە تاكەكەسی بووە، دەشڵێن، كوردانیش مافی خۆیانە نیگەران بن، كە بە ئامانج گیراون.

ئەوان دەشڵێن دەوڵەتی فەڕەنسا لە سەرۆكی وڵاتەوە تا دامودەزگەكان و گەلی فەڕەنساش لەگەڵ كورددان.

شرۆڤەكارێكی فەڕەنسایی بۆ كەناڵی ئەلجەزیرە دەڵێت: ئێمە هەموومان لەگەڵ كوردین، دەوڵەتی فەڕەنسا لە شەڕی داعشیش لە سووریا هاوكاری كوردانی كردووە.

چاودێران لەئەو بڕوایەدان دوای سەرهەڵدانەكانی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شكستهێنان بە پلانی هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، هێرشەكەی پاریس سێهەم ڕووداوی پەیوەست بە كوردە لە ئەمساڵدا كە دەبێتە ڕۆژەڤێكی جیهانی.

بەفر و باران بەردەوام دەبن
پێت بەفر و باران بەردەوام دەبن
دابەشكردنی نەوت ڕاگیرا
دوات دابەشكردنی نەوت ڕاگیرا
پەیوەنیدر