وەزارەتی دارایی عێراق ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەنەوە، كە باس لە دواكەوتنی شایستە داراییەكانی چەند چین و توێژێك دەكەن و ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتەكە بەرپرسە لە دابەشكردنی مووچەی سەرجەم چین و توێژەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیاندا.
وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەنەوە، كە باس لە دواكەوتنی شایستە داراییەكانی خانەی بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتان دەكەن.
ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی دارایی لە ڕێگەی فەرمانگەی ژمێریارییەوە، بەرپرسە لە پارەداركردنی سەرجەم ئەو بانكانەی، كە مووچە و شایستەی دارایی بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاودێریی كۆمەڵایەتییان لە ئەستۆیە.
جەختیشی كردۆتەوە، وەزارەتەكە بەرپرسە لە دابەشكردنی مووچە و شایستە داراییەكان لە كاتی خۆیاندا و بەبێ دواكەوتن بۆ سەرجەم چین و توێژەكان.
ئەمەش لە كاتێكدایە، لە ئێستادا مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگی دوویان وەرگرتووە و وەزارەتی دارایی ئامادەكاریی دەكات بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی 2 لە هەرێم دابەش نەكراوە و چارەنووسی موچەی 3 مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردووش نادیارە.